وەزارەتی کارەبا ڕاگەیندراوێکی لەسەر کوشتنی فەرمانبەرە کچەکە بڵاوکردەوە

لڤین:

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر کوشتنی ئەو فەرمانبەرە کچەی ئەمڕۆ لە ناو وەزارەتدا لە لایەن فەرمانبەرێکی دیکەوە کوژرا، ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەناو گۆڕەپانی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانبەرێکی کچ لەو وەزارەتە لەلایەن فەرمانبەرێکی دیکەی کوڕەوە تەقەی لێکراو و کوژرا، کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی کارەبا لە بارەی ڕووداوەکەوە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک ڕاگەیندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە ئەمڕۆ كاتژمێر 10:18 سەرلەبەیانی رێكەوتی 29/ 3/2021 لەكارەساتێكی دڵتەزێندا ئەندازیار شادیە عەبدوڵا، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشكردنی وەزارەتی كارەبا لەكاتی دەوامی فەرمی خۆیدا لەلایەن فەرمانبەرێكی دیكەی وەزارەتی كارەباوە بەدەمانچە كوژراو لەلایەن پاسەوانەكانی وەزارەتەوە دەستگیركرا و دواتر راستەوخۆ هێزە ئەمنیەكان بكوژەكەیان دەستگیركرد.

ئەندازیار شادی عەبدوڵا فەرمانبەرێكی دڵسۆز و بەتوانای وەزارەتی كارەبا بوو سەرەخۆشی لەخۆمان و خانەوادەو بنەماڵە بەڕێزەكەی دەكەین خوا سەبوری كەسوكاری بداتەوەو جێگای بەهەشتی بەرین بێت.

انا للە وانا الیە راجعون

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button