پەرلەمانتارێک هۆکاری گرانبوونی نرخی مریشک ئاشکرا دەکات

لڤین:
پەرلەمانتارێکی کوردستان، بە دواداچوون بۆ گرانبوونی نرخی مریشک دەکات و ئاشکرای دەکات کە هۆکاری گرانبوونی مریشک “پەیوەستە بە قاچاخی و ساختەکاریی زۆر” دەشڵێت: لە ڕۆژانی داهاتوودا نرخی مریشک دادەبەزێت.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی گۆڕان، بەدواداچوون بۆ گرانبوونی نرخی مریشک دەکات.
لەو بارەیەوە ئەو پەرلەمانتارە لە فەیسبووکی خۆی نوسیویەتی: “ئەمڕۆ لەگەڵ بەشێک لە خاوەن پرۆژەکانی ھەڵھێنەری و جوجکە و پرۆژەکانی مریشک (دەواجن) کۆبوومەوە”.
ئاماژەی بەوەشداوە کە “بەدواداچونمان بۆ گرفتەکە کرد کە پەیوەستە بەقاچاخی و ساختەکاریی زۆر و ھەندێک بڕیار”.
ئەوەشی وتووە کە بۆ چارەسەری گرفتەکە بەدوادوچونێکی تەواو ئاراستەی حکومەت دەکات.
عەلی حەمەساڵح، ڕاشیگەیاندووە کە “ئەمشەویش وردەکاری ئەو قاچاخی و گەندەڵیەی لەم دۆسیەدا ھەیە بڵاوی دەکەینەوە، بەپێی ئەم ھەوڵ و بەدواداچونەش لە چەند ڕۆژی ئایندەدا دەبێت نرخی مریشک دابەزێت”.
ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی مریشک بەشێوەی بەرچاو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەرزبووەتەوە بە جۆرێک نرخی یەک کیلۆ مریشک گەیشتووەتە سەر و چوار هەزار دینار.