بۆ دووەم ڕۆژ ئۆپەراسیۆن لە کامپی هۆل بەردەوامە
لڤین:
ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە کامپی هۆل، بەمەبەستی گەڕان بەدوای شانە نوستووەکانی داعش، بۆ دووەم ڕۆژ بەردەوامە و تائێستا بەرپرسێک و 8 ئەندامی دیکەی داعش دەستگیرکراون.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە)، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ماوەی دوو ڕۆژە لە کامپی هۆل لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بە ناوی “ئۆپراسیۆنی ئارامی و مرۆیی” لەدژی شانە نوستووەکانی داعش دەستپێکردووە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فورات، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی ٦ هەزار لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا ٩ ئەندامی داعش دەستگیرکراون، کە لە ناو دەستگیرکراوەکاندا بەرپرسێکی داعش هەیە بە ناوی ئەبو سەعید عێراقی، کە بۆ ماوەیەکی زۆر کاری کۆکردنەوە و ناردنی چەکداربووە بۆ ناو داعش.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە “هاوکاریی مرۆیی پێویست لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا بەبێ وەستان بەردەوامی پێدەدرێت”.
کامپی هۆل، لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور رۆژهەڵاتی سوریاوە بەڕێوەدەبرێت و نزیکەی 62 هەزار کەسی تێدا دەژی کە 90٪ یان ژن ومنداڵی خێزانی چەکدارە داعشەکانن.

