كێن دۆستە راستەقینەكانی كورد؟

جێگای سەرسوڕمانە، كورد تاوەكو ئێستا زۆر بەساویلكەیی لە سیاسەت دەڕوانێت و بەنووكە قەڵەمێك وەك دەڵین دۆست و دوژمنی خۆی دەست نیشان دەكات، لەكاتێكدا بە هەموو پێوەرەكان تا ئێستا  دۆست و دوژمنی خۆی ناناسینت و هەر رۆژەی هێزیك لەپیناو بەرژەوەندیەكانی خۆی بەكاریدێنێت، دوای ئەوەی كاری پێی نامێنیت وەكو دەستەسڕێكی پیس فڕێی دەدات!. لەراستیدا ئەمە ئەو شەرمەزاریە گەورەیەیە، كە پێویستە هەموو تاكی كورد هەستی پێبكات و منداڵەكانی لەقوتابخانەكان لەسەری پەروەردە بكرێت، بۆئەوەی هەر هیچ نەبێت، ئەگەر كورد نەتوانێت بگاتە ئامانجە ستراتیژیەكانیشی، بتوانێت خۆی لە كارەساتی ئەو شەرمەزاری و ریسوابوون و بە دەستەسڕ بوونە بپارێزێت.

ئەمریكا دۆستی كوردە، كورد هەموو هیوایەكی لەسەر ئەمریكا چنیوە بۆئەوەی لەدەست دڕندەكانی ئەو هەریمە رزگاریان بكات، كە هەر خۆی لەژێرەوە هانیان دەدات و چەكیان دەداتە دەست بۆئەوەی كورد بكوژن!.

لەكاتێكدا دەیانەوێت وانیشانی كورد بدەن سیاسەتی بایدن قۆناغێكی نوێیەو پشتگیریەكانی ئەمریكا دەگەڕیتەوە بۆ كوردو بەپرسەكانی لە رۆژئاوای كوردستان لە ژێر وێنەی ئۆجەلان وێنە دەگرن، كە خۆیان خستوویانەتە لیستی تیرۆرەوە، لە هەمانكاتدا بەناوبانگترین میدیای ئەمریكی (نیۆیۆرك تایمز) پەسنی ئەردۆگان دەكات و بەرزگاركەری عەفرینی لەقەڵەم دەدات، ئەو ئەردۆگانەی رۆژانە ژن و  منداڵ و گەنج و پیری كورد دەكوژێت، وەك پەیامبەرێكی ئاشتی و رزگاركەری خەڵكی عەفرین لە دەستی سوپای دڕندەی رژێمی ئەسەد نیشانی دنیای دەدات، لەكاتێكدا هەموومان دەزانین عەفرین لەدەست رژێمی سوریا نەبوو و ئارامترین ناوچەی سوریا بوو، سەرباری ئەمەش ئەو رژێمەی لەو شارە پیادە كرا، هەموو خەڵك بەشداری دەسەلاتی دەكردو بەیەكەوە شارەكەیان بەجوانترین شێوە بەڕێوە دەبرد، ئێستاش دوای ئەوەی توركیا داگیری كردووە، نەك رۆژانە ژن و منداڵانی كورد دەكوژێت و لەخاكی خۆیان دەریان دەكات، بگرە دار زەیتوونەكانی عەفرینیش، كە نیشانەی ئاشتی و ژیانە لە رەگەوە هەڵدەتەكێنێت و سووتماكی دەكات!.

ئەوە ئەو ئەمریكایەیە، كە كورد بە دۆستی خۆی تێدەگات. فەرەنسا، لەكاتێكدا خۆی بەسەرچاوەی دیموكراسیەت و فەرمانرەوایی گەل دەزانێت و لەكاتی هێرشی توركیا بۆ سەر گرێسپی و سەریكانی فرمێسكی تیمساحی بوو كورد دەڕشت و هاوكات لەلایەكی تر وەك دەولەتێكی ئەندام لە ناتۆ هاریكاری توركیای دەكرد بۆ سووتاندنی رۆژئاوای كوردستان!.

لەگەمژەیی كوردیش ماوەیەك بوو میدیاكانی كوردی بە پشت و پەنای كورد نیشان دەداو سەرۆكەكانیان بە دایكی كوردان یاخود باوكی كوردان ناوزەد دەكرد، كەچی لە پڕێكا  بۆ رازیكردنی دوژمنە ساختەكەی، كەوتە راوەدوونانی كوردانی ئازادیخوازو یانەو سەنتەرە رۆشنبیریەكانی كورد لە شارەكانی ولاتەكەی دادەخات!. كەواتە نە نەوەكانی دایكی كوردان و نەنەوەكانی باوكی كوردان راستگۆ دەرچوون شێربوون لەپێستی رێویدا!.

ئەڵمانیا، لەكاتێكدا دەیەوێت سەركردایەتی یەكێتی ئەوروپا بكات و باس لە ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكات، بۆمب و تانكەكانی دەداتە توركیا بۆئەوەی گەلی كوردی پێ رەشەكوژ بكات!. سیخوڕەكانی ئەڵمانیا لەو ناوچەیە زانیاری كۆدەكەنەوەو دەیدەنە دەست دەزگا هەواڵگرییەكانی توركیا!.

بەداخەوە ئەوانەی كورد وەك دۆستیك تەماشایان دەكات و بەفریادڕەسیان دادەنێت، بچووكترین رێژەی ئاكاریان نیەو تیرە ماریكی ژاراوین و لەنزیكترین دەرفەتدا پێیوەدەدەن. بەراستی كاتی ئەوە هاتووە، كە واز لەو ململانێیە بێواتاو سووكەی ناوخۆیی بهێنرێت و لەرۆچنەیەكی ترەوە سەیری ژیان و دوا رۆژ بكرێت. من دەزانم ئەوە كاریكی ئاسان نیەو تەنانەت ئەو شەڕانەش، كە بەشەڕی ناوخۆیی كوردی دەناسێنرێت، دەستە ئەو دۆستە دڵسۆزانەی كوردی تیایە، بەڵام بەلایەنی كەم پێویستە كورد تاكی كورد بۆ جارێكیش بێت بەشیوەیەكی ئاوەزمەندانە بیربكاتەوە راستیەكان بەو شیوەیە ببینیت، كە هەیە نەك وەك ئەوەی ئەو دۆستانەی نیشانی دەدەن!.

كاتی ئەوە هاتووە كورد هەوڵبدات بە پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەرو دراوسێ و ئەو گەل و نەتەوەو ولاتانە دابچێتەوە، كە مێژوویەكیان بەیەكەوە هەیە. راستە ئەوانیش بەشێكن لەو گەمە قێزەونەی رۆژئاوا، بەڵام هەرچۆنێك بێت دەتوانێت وەك شیرنترین تاڵەكان مامەلەیان لەگەڵدا بكات، ئەگینا ئەو رۆژئاواییانەی، كە فەیلەسووفی گەورەی ئەڵمانی نیچە ناوی ناون دڕندەی سۆری چاوشین(الوحش الاشقر)، بەهیچ  شێوەیەك نەك هەر بەهانای كوردەوە نایەن، بەلكو ئەوان خۆیان هۆی هەموو ئەو نەهامەتیانەن، كە لەمێژووی نویدا بەسەر كورد داهاتووە. بۆیە دەبێت لەوە تێبگەین، كە باشترین دۆستی كورد تەنیا كورد خۆیەتی، ئەگەر هۆی نەبێتە دۆستی راستەقینەی خۆی، ئەوا ئەو دۆستانەی بە دۆستی راستەقینەیان تێدەگات، دەیانەوێت لەرگەوە هەڵیكەنن و لەمێژوودا بیسڕنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button