سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ “مەترسیەک” ئاشکرا دەکات

لڤین:
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە کرێکار دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان و ئەوەش بە مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان دەزانێت.
عەبدولستار مەجید رایگەیاند “بەپێی هەندێک زانیاریی کە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بەدەستم گەیشتووە، بە فڕۆکە کرێکار (لە هەردوو ڕەگەز) لە سوریاوە دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان بۆ کارکردن” .
ئەو ئاماژەی بە رێژەی بێکاری لە هەرێم کردووە و دەڵێت: هێنانی ئەو خەڵکەش بۆ کارکردن لە دەرەوەی هەرێمەوە، هێندەی دیکە ئاستی هەژاری و بێکاری زیاتر دەکات .
ئەو مەترسی هاتنی ئەو کرێکارانەی روونکردووەتەوە دەڵێت: مەترسی ئەم بابەتە لەوەدایە کە ئەو کرێکارە بیانیانە بە پارەیەکی کەمی مانگانە کار دەکەن و خاوەنکاری ناوخۆش هاندەدرێن کە کرێکاری خۆماڵی ناچار بکەن یان بە پارەیەکی زۆر کەم کار بکەن یان کارەکانیان لەدەستدەدەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ روونیشیکردووەتەوە بۆ وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی کوردستان مەبەستیانە “لە ڕێگەی حکومەتەوە کۆمپانیا بیانییەکان ناچار بکرێن کە ٨٠٪ دەست و هێزی کاریان، پێویستە لەناوخۆی هەرێمی کوردستان بێت .