وەزیری تەندروستی هۆشداری دەدات
لە سلێمانی چوار جۆری کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکراوە

لڤین:
وەزیری تەندروستی هۆشداری دەدات لە دۆخی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش ئاشکرایکرد لە مانگی ١١ی ساڵی رابردووەوە ٤ جۆری کۆرۆنای گۆڕاو لە سلێمانی تۆمارکراوە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئاماری تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێم ڕووی لە هەڵکشانەوە و ڕێژەی گیان لەدەستدانیش بە هەمان شێوە لە زیادبووندایە و ژمارە تۆمارکراوەکان مەترسیدارن.
ناوبراو وتیشی “لە چەند رۆژی داهاتوودا لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و راپۆرتێک ئامادە دەکەین، تا بڕیاری نوێ بدرێت .”
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، تیمهكانی تهندروستی و پێشمهرگه و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ و توشبووانی نهخۆشییه درێژخایهنهكان لەم کەسانە دەبن کە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا وەردەگرن .
ڕوونیشیکردەوە، له قۆناغی یهكهمدا ژمارەی ئەو دۆزە ڤاکسینەی کە دەدرێت بڕهكهی 43 ههزار و 800 دۆزە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: لە شاری سلێمانی چوار جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوە.
ئەو ئاشکرایکرد گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرنا “لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوەوە ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لە شاری سلێمانی تۆمار كراوە”.