پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئۆجالان ئەنجامدرا

لڤین:

گروپی پارێزەرانی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایانگەیاند، خانەوادەکەی پەیوەندیەکی کورتی تەلەفۆنیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی ئەنجامدا.

نوسینگەی یاسای سەدە، کە گروپی پارێزەرانی ئۆجالانن، لەبارەی ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەوە روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێن: خانەوادەی موەکیلەکانمان، عەبدوڵا ئۆجالان، عومەر هایری کۆنار، حامیلی یڵدرم و ڤیسی ئاکتاش کە لە زیندانی ئیمرالین، بانگ کراون بۆ لای داواکاری گشتی بۆ ئەوەی مافی پەیوەندی تەلەفۆنی خۆیان لەگەڵ موەکیلەکانماندا بەکاربهێنن چاوپێکەوتنی ئۆجالان لەگەڵ براکەی زۆر بە کورتی بووە و نەتوانرا دیدارەکە بەردەوام بێت.

نوسینگەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە “چاوپێکەوتنەکەی حامیلی یڵدرم کورت بوو، بەڵام کۆبوونەوەی نێوان عومەر هایری کۆنار و ڤیسی ئاکتاش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە مەرجەکانی گۆشەگیری ئەنجام نەدرا”.

پارێزەرانی رێبەری پەکەکە ئاماژەیان بەوەسکردووە: وەک زانراوە، لە 27ی نیسانی 2020ەوە هیچ شتێکمان لە ئۆجالانەوە نەبیستووە دوایین چاوپێکەوتنی پارێزەران کە لەگەڵی کردمان، لە 7ی ئابی 2019 بوو.

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەش دوای ئەوە هات کە لە 14ی ئازاری 2021 دا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی گیان لەدەستدانی عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوە و ئەوەسبووە هۆی نیگەرانیی لایەنگرانی لەسەر ژیانی ئۆجالان.

پارێزەران ئەوەشیان وتووە: ئێمە بۆ ئەوەی تەندروستی ئەو و وەک مافی یاسایی پشتڕاست بکەینەوە، هەموو ڕۆژێک داوای چاوپێکەوتنی ڕوبەڕومان دەکرد لەگەڵ ئەوەشدا هیچ وەڵامێکی ئەرێنیمان بۆ هیچ یەکێک داواکاریانە پێنەگەشتووە .

هەر لەو راگەیەندراوەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەمڕۆ نەیانتوانیوە زانیاری تەندروست لەبارەی دۆخی تەندروستی ئۆجالان بەدەست بهێنن بۆیە داواکاریی ئەوان بۆ چاوپێکەوتن لە زیندانی ئیمرالی بەردەوامە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button