سەدر پەنابردنە بەر چەك بۆ خستنەڕووی داواكارییەكان ڕەتدەکاتەوە

لڤین:
لەبارەی مانۆڕە چەكدارییەکەی ئەمڕۆی بزوتنەوەی ڕوبعوڵا (ربع الله) لە بەغداد، موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، پەنابردنە بەر چەك بۆ خستنەڕووی داواكارییەكان ڕەتكراوەیە و پێویستە حکومەت چارەسەرێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە.
موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر، لەبارەی نمایشی چەكدارانی بزوتنەوەی ڕوبعوڵا (ربع الله) کە ئەمرۆ مانۆڕی چەكدارییان لە چەند ناوچەیەكی بەغدادی پایتەخت ئەنجامدا و پەیامێكی هەڕەشەئامێزیشیان بڵاو کردەوە لە تویتەر نوسینێکی بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەناوی خودا
یەکێک لە میلیشیاکان پەنای بۆنمایشی چەکداریی و سەربازیی بردووە لە بەغدادی پایتەخت بۆ داواکاریەکانی لەبارەی ئاڵوگۆڕی دۆلار.
لەبەر ئەوە من دەڵێم:
یەکەم: پەنابردنە بەر چەک بۆ بەدەستهێنانی داواکارییەکان شتێکی قبوڵ نەکراوە، پێویستە حکومەت ڕێگریی بکات لەدووبارەبونەوەی.
دووەم: ئەو لایەنەی کە هەستاوە بەکردنی ئەم کارە ئەگەر سەر بە حەشد بێت ئەوا پێویستە سزابدرێن، ئەگەر سەر بە حەشدیش نیە دەبێت بێلایەنی خۆیان ڕابگەیەنن.
سێیەم: بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی دۆلار زیان و سودی هەیە، بۆیە بڕیارەکەمان دایەدەستی شارەزایانی لایەنی ئابووریی، بەڵام نابێت گەلەکەمان زیانی زۆربکات بەتایبەت لەکاتێکدا کە کە چاوچنۆکی و بەرزبونەوەی نرخ هەیە لە بازاڕەکاندا، بۆیە ئەرکی حکومەتە چارەسەری ئەم کێشەیە بکات بەبێ بەرزبونەوەی نرخ، سزای بکەرەکانیش بدات.
چوارەم: لەوانەیە ئەم میلیشیایانە وابزانن کە دەتوانن هەستی خەڵک بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، توندڕەوی و زیانگەیاندن بەسە… پایەی دەوڵەت مەشکێنن بەتایبەت کە ئەم نمایشە بەبێ ئاگاداریی دەوڵەتە.