ئاسایشی پارتی ڤیدیۆی نوێ بە سزادراوانی بادینان تۆمارده‌كات

لڤین:
پارێزه‌ری كه‌یسی سزادراوانی بادینان ئاشكرای کرد ئاسایشی پارتی تۆماری نوێی ڤیدیۆیی چالاكوانه‌كانی تۆماركردووه و ڕوونیشیدەکاتەوە کە هاوشێوەی جاری پێشوو “مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كانیان بكرێت”.
به‌شدار حه‌سه‌ن، پارێزه‌ری كه‌یسی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكوانە سزادراوەکەی بادینان، كه به سزای شه‌ش ساڵ زیندانیكردن سزادراون به ماڵپەڕی شارپرێس-ی ڕاگه‌یاندووە، ڕۆژێك پێش جه‌ژنی نه‌ورۆز ئاسایش ڤیدیۆیی نوێی به چالاكوانه‌كان تۆماركردووه.
سەبارەت بە ناوەرۆکی ڤیدیۆکە ئەو پارێزەرە ڕایگەیاندووە کە “زانیاریی سنوردارمان له‌سه‌ر ئه‌و تۆماره ڤیدیۆییه هه‌یه، كه هه‌ریه‌كه‌یان پرسیاری پیشه‌كه‌یان لێكراوه به‌ڵام مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كانیان بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ڕابردوودا ڕوویدا”.
به‌شدار حه‌سه‌ن، سەبارەت بە پێداچوونه‌وه به بڕیاری سزادانی ئه‌و چالاكوانانه ڕایگەیاندووە کە ئێستا دۆسیه‌كه‌یان له‌به‌رده‌ست دادگای پێداچوونه‌وه‌یه، تا ئێستا واده‌یه‌ك بۆ ڕاگه‌یاندنی بڕیاری ته‌میزكردنه‌وه‌ی سزاكه‌یان دیارنییه.
16ی شوباتی ئەمساڵ دادگای تاوانه‌كانی هەولێر بە تۆمەتی “سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئارامی” بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی دەڤەری بادینان دەركرد، بڕیارەكەش لەلایەن بەشێكی زۆر لەهاوڵاتییانی هه‌رێم و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و به‌رگریی له ڕۆژنامه‌نووسانەوه رەتكرایەوە و ناڕەزایی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.