ئەمڕۆ بڕێکی دیکە لە ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە هەرێم

لڤین:
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم، ڕایگەیاند ئەمڕۆ 336 هەزار ڤاكسین دەگاتە عێراق و لەو بڕەش پشكی هەرێمی كوردستان 43 هەزارە.
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاندووە، ئەو 336 هەزار ڤاكسینەی ئەمڕۆ دەگاتە عێراق جۆری (ئەسترازینیكا) یەو لەلایەن دامەزراوەی (كۆڤاكس) ی نێودەوڵەتییەوە كڕدراوە.
ئاماژەیبەوەشداوە کە ڤاكسینەكە بەریتانییە و لەڕووی تەندروستییەوە ڕێگەپێدراوە و لەگەڵ ڤاكسینی (سینۆفارم) ی چینی جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە.
وەزیری تەندروستی ڕونیشیکردوەتەوە کە لەو بڕە ڤاكسینە 43 هەزاری پشكی هەرێمی كوردستانەو بەپێی هەمان سیستەمی پێشوو دابەش دەكرێت كە ستانداردێكە بۆ دابەشكردنی هەموو پێداویستییە پزیشكیەكان دانراوە.
وەزیری تەندروستی سەبارەت بە زیادبوونی كۆرۆنا لە هەرێم، ڕایگەیاندووە کە ژمارەی توشبووان و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا بەپێی ئامارەکان (10%) بەرزبونەتەوە.