ڕۆژەڤی ساختە

لڤین: وەرگیراوە لە فەیسبووکی شاسوار مامە
بۆ ئەوەی ڕوونتر دەرک بە دروستکردنی ڕۆژەڤی ساختە بکەن لەلایەن میدیای کوردستان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان با شتێکتان بۆ باس بکەم.
ماوەیەک پێش ئێستا یەکێک لە کاراکتەرە دەستکردەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە ناوی «جانێ حەیران» (ئەو ژنەی ناسنامەی هونەرمەند هۆزان جانێی دزیوە) لە چاوپێکەوتنی کەناڵێکدا گوتی، مانگانە پێنج دەفتەر دۆلار پەیدا دەکات.
دوای ئەوەی چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ هونەرمەند هۆزان جانێ ساز کرد و دەنگی دایەوە، جانێ حەیران تەلەفۆنی بۆ کردم و زۆر هەوڵی دا نێوانگیری بکەم و هۆزان جانێ ڕازی بکەم کە گوێی لێ بگرێت و قسەی لەگەڵ بکات. گوتی، زۆر پەشیمانم لەوەی بەرانبەرم کردووە. بەڵام هۆزان جانێ بێ یەک و دوو ڕەتی کردەوە و گوتی، تا ڕۆژی دادگە نامەوێ نە بیبینم و نە دەنگی ببیستم. ئیدی زۆر پرسیارم لە جانێ حەیران کرد دەربارەی کارەکانی کە من تەنیا یەک دانەی باس دەکەم.
لێم پرسی هەر بەڕاست تۆ مانگانە پێنج دەفتەر دۆلار پەیدا دەکەی؟
گوتی، تۆ کەسێکی ئیعلامی و دەبێ لەم قسەیە تێبگەی. گوتم چۆن؟
گوتی، من ئەگەر قسەیەکی وا نەکەم چۆن دەتوانم خۆم بکەمە باسوخواسی خەڵک. من ویستم ئەوە بڵێم تا بتەقێتەوە و سەرنجی خەڵک ڕاکێشم. ئەگەرنا ڕاست نییە و من کەسێکی دەوڵەمەند نیم.
جا ئەم قسەیەی جانێ حەیران بۆ هەموو ئەو کەسانەی دیکەش دروستە کە ڕۆژانە بە بابەتی لاوەکی و قسەی ناشیرین، بە درۆ و سوکایەتی خۆیان دەکەنە ڕۆژەڤ. میدیاش ڕۆڵی زۆر خراپی هەیە و بەشێکە لەم هاوکێشەیە. چونکە هەردووکیان قازانج دەکەن لەو بەزمە. ئەوەی زەرەرمەندە خەڵکە کە بەم شێوەیە و بەئاسانی و هەرزان ئاراستە دەکرێت و یاری پێ دەکرێت. وەهای لێهاتووە لەلایەن هیچترین لایەن و کەسەکان ڕۆژەڤی خەڵک دادەنرێت.
ئاخر لوقمانەکان، جانێ حەیرانەکان، مەلا هەڵۆکان و …هتد هی ئەوەن ببنە جێی سەرنجی خەڵک؟ چ پەیوەندییان بە ڕەوتی ژیانی خەڵکەوە هەیە؟

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button