سەرۆکی هەرێم و وەزیری ناوخۆی عێراق دۆخی ئەمنی و شەنگالیان تاوتوێکرد

لڤین:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی عێراق، لەهەولێر کۆبوونەوە و دۆخی ئەمنیی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عوسمان ئەلغانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم لە دیدارێکدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق، کار و ئەرکی هێز و دەزگا ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی شارەکان، خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی چەند پارێزگایەکی عێراق، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کردووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پابەندی بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگالەوە لەگەڵ خێراکردنی هەنگاوەکانی بە هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق کردەوە و هاریکاریی هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیەکانی داعش بە گرنگ و پێوست زانیووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button