لەلایەن قائیمقامیەتەوە پێنج كافتریا لە سلێمانی داخران
لڤین:
بەهۆی پابه‌ندنه‌بوون به مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی كاركردن و هەبوونی نه‌وجه‌وان له شوێنه‌كانیاندا، قائیمقامیەتی سلێمانی پێنج كافتریای داخست.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، ئەمڕۆ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ریستۆرانتی سه‌ر به لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه و به‌هۆی هه‌بوونی ژماره‌یه‌ك نه‌وجه‌وان له شوێنه‌كانیاندا و رێگری نه‌كردن له هاتوچۆكردنیان و پێشكه‌شكردنی نێرگه‌له، لیژنه‌كه كافتریاكانی شاڵاو، عیون له‌یل، باخی شار، یادیاو و سایه‌گوڵی له شاری سلێمانی داخراون.
بەپێی یاسا، هەر نەوجەوانێک هاتوچۆی هۆڵەکانی بلیارد، کۆفی شۆپی کێشانی نێرگەلە، کافتریا، شوێنەکانی فرۆشتن و پێشکەشکردنی خواردنەوە کحولییەکان، بكات و له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیانه‌وه رێگری لێنه‌كرێت، سه‌رپێچییه و له‌لایه‌ن لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه داده‌خرێن.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، یه‌كێكی دیكه له سه‌رپێچییه‌كانی ئەو شوێنانە، نه‌بوونی مۆڵه‌تی تایبەت به كار و پیشه‌كانیان و هه‌روه‌ها، پابه‌ندنه‌بوون به مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و گه‌شتوگوزار و رێكاره‌كانی دیكه‌ی كاركردن بووە.