ئاژاوەی فرەبژاردەیی

تا سی چل ساڵ لەمەوبەر، مرۆڤ لە وڵاتانی لە چەشنی خۆماندا کەمترین بژاردەی لەبەردەمدا بوو. جۆرێکی دیکە لە نائارامیی ئەو کاتە ئێخەی مرۆڤی گرت کە ڕاستەوخۆ کەوتە دنیایەکی پڕ لە بژاردەوە.
بژاردەی کەم و فرەبژاردەیی توشی ئاژاوەی دەروونیمان دەكەن. وەك شارەزایانی بواری كارگێڕیی و سەركردایەتییكردن فێرمان دەكەن، ئاژاوەی دەروونيی ئەو دۆخەیە كە تۆ كۆنتڕۆڵی هەستەكانت بۆ ناكرێت، بەڵكو ئەوان تۆ دەبەن بەڕێوە و رەنگە بڕیاری پێچەوانەی بەها و پرەنسیپەكانت بدەیت. لێرەشەوە، ئەگەری زیانگەیاندن بە خودی خۆت و ئەوانی دیكە زیاد دەكات.
تایبەتتر ئەو مرۆڤانە توشی ئاژاوەی دەروونیی بوون و دەبن كە لە سەردەمێكدا تەمەنی هەرزەكارییان تێپەڕاند بژاردەی كەم بوو، لە سەردەمێكی ديكەدا خۆیان بینییەوە گەورە بوون و بژاردەی زۆریان لە چواردەورە. ئوتومبێلەکان هاتن و نەمانزانی کامیان هەڵبژێرین، شوقە بووە بە ڕکابەری خانوو، كافێ بووە بە ئاڵتەرناتیڤی چایخانە، رێستورانت بووە بە ركابەری چێشتخانەی میللی، لوتی بچوك چووە شوێنی لوتی گەورە…هتد. ئەمانە پێكەوە گفتوگۆیەکی نوێی لەناو ئێمەدا دروستکرد، شێوازی كاتبەسەربردن و پرۆسەی بڕیاردان و پەیوەندییەكانی لە ژیانی ئێمەدا سەر تا پێ گۆڕی.
جگە لە قەرەبووی بێبەشبوون لە سەردەمی كەم بژاردەیی و كەمئەزموونیی لە مامەڵەكردن لەگەڵ بژاردە نوێیەكاندا، ئەوەی وایکرد دەروون و دونیابینییمان لەناوەوە زیاتر كەرت كەرت ببێت ئەوەیە پێیەكمان لە قوڕی دنیا كۆنەكەدا مایەوە و پێیەكمان لە چڵپاوی دنیا نوێیەكەدا. كەلتور و ئایین و یاسا و پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێمە تا ئەو شوێنە نەكرانەوە تاك ئازادانە دوای بژاردەكانی خۆی بكەوێت لە كاتێكدا کوورەی ناخی بۆ بەدەستهێنانیان دەكوڵا.
قوربانییەكانی ئەم چەرخە چیتر ئەو دڵانە نیین هەلاهەلا بوون و بژاردەیەكی دیكەیان نییە، بەڵكو ئەوانەن فرەبژاردەیی توشی خورپە و پەلەپەلی كردوون. ئەوانەش كە هەست بە گوناهباریی دەكەن پتر ئەو رۆحانەن بەرگەی فرەبژاردەییان نەگرت.
ئایین لە زۆر شتدا شكستی هێنا، یەكێكیان پرۆژەی تەوحیدی خوداكان بوو. لای كەم هێندەی كۆمیونیتییە بچوكەكان وێنەی خودا لە سەری مرۆڤدا هەیە، هەر یەكێكیان بە پێناسەی جیاوازی خۆیەوە. بە تەنیشت ئەم راستییەوە، جوانییەکەی ئایین هەر ئەوە نییە پێمان دەڵێت بایەخ بە جیهانی رۆحییش بدەن و مەهێڵن جیهانی ماددی كۆنتڕۆڵتان بكات، بەڵكو ددانی بەوەدا ناوە گوناحە بەشێكی زیندووی كەسایەتی مرۆڤە. هۆکاری جۆراوجۆر هەن بۆ دروستبوونی ئایین، یەکێکیان ئەوەیە لە گوناهە خۆمان پاك بكەینەوە. “خودا لە گوناهەکانی خۆش ببێت” ڕستەیەكی باوی سەر گۆڕەكانمانە كە دۆستەكانمان لە ساتی ناشتنماندا بە دەنگی بەرز دەیڵێن.
مادام وایە، زۆر لۆمەی خۆت مەکە کە فرەبژاردەیی توشی هەڵە و گوناهەی كردبێتیت. گرنگ ئەوەیە باوەڕت بە ئایین هەبێت، بە مانا تەقلیدییەکەی ناڵێم، بەڵکو وەك بەشێك لە ئەزموون و حیكمەتەكانی ژیانی هەزاران كەس کە نامەیەکی لە قوڵایی مێژووەوە بۆ هێناویت و پێت دەڵێت بە بیری مێژوودا شۆڕبەرەوە هەزاران گوناهە و تاوان دەبینیت تا دەگەیت بە ئاو. تۆش وەک هەر گوناهبارێکی دیکە بەختی ئەوەت هەیە لە گوناهەکانت خۆت پاک بکەیتەوە و ژیانێكی دیكە بژیت بە مەرجی ئەوەی بوەستیت لە دووبارەكردنەوەیان، چاکەیەک بکە لە شوێنی…هتد.
پێت خۆش بێت یان نا، ئایین ناتوانێت ببێتە رێبازی تاقانەی هەمووان. لە زانستی هاوچەرخدا، وشەیەكی وەك پلان لە هەندێ رووەوە چۆتە شوێنی ئایین.
سەرکەوتنی پلان لەسەر ئەوە نەوەستاوە کەچی ئەکەیت، بەڵکو لەسەر ئەوەش کە چی نابێت بکەیت. کێشەی ئێمە ئەوەیە کە هەنگاوی هەڵەمان زۆرە، نەک ئەوەی هەنگاوی ڕاستمان کەمە.
پیاوانی حزب/حكومەت رەنگە پلانێكی گونجاو بۆ گەشەی پیشەسازیی بخەنە بەردەست و جێبەجێی بكەن، بەڵام كە لە شوێنێکی دیکەوە خەریکی تەکەتول و تاڵانیی بن، یان شەڕ و ئاژاوە بنێنەوە، كاروكاسبییان ببێت بە سانسۆر و كۆنتڕۆڵكردنی تاك، دونیابینییەكی هاوبەشیان لەسەر هیچ بابەت و شتێك لەلا گەڵاڵە نەبووبێت (بەو جاش و ئیستیخباراتانەی بەعسیشەوە كە بە كەیفی خۆیان لە نێوانیاندا هاتوچۆدەكەن)، ئاكامی پلانەكە “سفر بەدەستەوە” دەبێت.
بۆ تۆش هەمان شتە. بە رۆژ كاسبێكی گیرفانپڕبیت و بە شەو قومارچیی، بە شەو عاشق و بە رۆژ مێباز/نێرباز…هتد. ئاکامەی هەمان شتی سەرەوەیە: سفر بەدەستەوە.
چەنەبازیی لە نوسینیشدا عەیبە. تا توشی ئەم عەیبەیە نەبم، بە رستەیەك بابەتەکەم دەبڕمەوە. بۆ ئەوەی کەمێک ئارامیی بۆ خۆمان دروست بکەین، من ڕێگایەکی دیکە شک نابەم چالاكتر و كاریگەرتر بێت لەوەی ئامادەبين بەشێک لە بژاردەکانی بەردەممان بسڕینەوە و ئاوڕیان لێ نەدەینەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button