یەکێتی زانایان:

ناکرێ رێگە بدرێت سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیییەکان بکرێت

لڤین:
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیی کەسێک بە ناوی ”پیر لوقمان” کە قسەی نەشیاو بە سەڵاحەدینی ئەیوبی دەڵێت، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

یەکێتی زانایان ئیدانەی سوکایەتییکردن بە سەڵاحەدینی ئەیوبی دەکات و دەڵێت”ناکرێ رێگە بدرێت سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیییەکان بکرێت و مێژووی پرشنگداری سەرکردەیەکی گەورەی وەک سەلاحەددینی ئەیوبی بخرێتە بەر نەشتەری سوکایەتی و گاڵتە پێکردن!”.

ئاماژەی بەوەشکردووە”لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە پەیوەندی بەردەوام دابووین لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کارباری ئایینی و هەماهەنگ و هاوکار دەبین لەگەڵ وەزارەت بۆ گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویست و یاساییەکان بۆ رێگە گرتن و دووبارە نەبوونەوەی ئەم حاڵەتانە”،

دەقی راگەیەندراوەکە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

پاش بڵاو بوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە کە لەلایەن کەسێک بڵاوکراوەتەوەو تێیدا سوکایەتی بەرامبەر ئیسلام و رەمزە نەتەوەیی و ئاییینیەکانی گەلی کورد بەتایبەت سیمبولی ئایینپەروەرو سەرکردەی مێژوویی سەلاحەددینی ئەیووبی کرد بێ رەچاوکردنی هیچ بنەمایەک.

لەسۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی بە توندی ئەو جۆرە کارو هەنگاوە نەشیاوانە رەتدەکەینەوەو ئیدانەی دەکەین، لەهەمان کات مەعلومە ئێمە لە کوردستان لە سایەی ئیسلام و شەونخونی زانایانی ئایینی، خاوەن نمونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و تەبایی و قبوڵکردنی جیاوازیەکانین و هیچ کاتیش لەو هەڵوێستە پاشەکشە ناکەین و پارێزگاری لە سەقامگیری کۆمەڵگەو ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکەین، بەڵام ناکرێ رێگە بدرێت لەو پەنایە سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیییەکان بکرێت و مێژووی پرشنگداری سەرکردەیەکی گەورەی وەک سەلاحەددینی ئەیوبی بخرێتە بەر نەشتەری سوکایەتی و گاڵتە پێکردن!

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە پەیوەندی بەردەوام دابووین لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کارباری ئایینی و هەماهەنگ و هاوکار دەبین لەگەڵ وەزارەت بۆ گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویست و یاساییەکان بۆ رێگە گرتن و دووبارە نەبوونەوەی ئەم حاڵەتانە، لێرەشەوە جارێکی تر داوا لە داواکاری گشتی دەکەین بە ئەرکی پێویستی خۆیان هەڵبستن، چونکە ئەم کارە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانە.

یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button