وەزیری تەندروستی پەیامێکی ئاراستەی هاوڵاتیان کرد

لڤین:
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی هاوڵاتیان کرد و داوا دەکات خۆڕاگر بن و پابەندی ڕێنمایییەکانی تەندروستی و ژینگەپارێزی و سەلامەتی خۆیان و منداڵەکانیان بن، بەردەوام بن لە بەستنی ماسک و دووربن لە قەرەباڵغی و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ.
لە پەیامەکەیدا کە بەبۆنەی نەورۆزەوە بڵاویکردوەتەوە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندوە “وێڕای سوپاسی خۆڕاگری هاوڵاتیان لە بەرامبەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و تەندروستی، ڕێز و دەستخۆشی و سوپاسی یەکە بە یەکەی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە تیمەکانی خزمەتگوزاری ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەین بۆ ئەرکی پیرۆز و شەونخونیان لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان، ئاواتەخوازین هەر سەلامەت و سەربەرز بن”.
وەزیری تەندروستی جەختیشیکردوەتەوە کە پێویستە هاوڵاتیان پابەندی ڕێنمایییەکانی تەندروستی و ژینگەپارێزی و سەلامەتی خۆیان و منداڵەکانیان بن، بەردەوام بن لە بەستنی ماسک و دووربن لە قەرەباڵغی و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ.
دەقی پەیامەکە:
جەژنی نەورۆزتان پیرۆز بێت …
با هەموو پابەندی ئامۆژگاری تەندروستی بین …
بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كوردی (2721) و جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ، پیرۆزبایی ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە قارەمانەكان و کوردستانیان و هەموو کوردێکی دڵسۆز لە جیهان بەگشتی و پیرۆزباییەکی گەرم و تایبەت لە خوشک و برایانی هاوکارانمان لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی تەندروستی دەکەین، هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خۆشی و شادی و سەلامەتی بۆ هەمووان.
لەم بۆنەیەدا، جارێکی تر سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانیانی پەتای کۆڕۆنا بەتایبەتی بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران دادەنوێنین کە لە ئەرکی پیرۆزی مرۆڤایەتیان لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانیان سپارد، ئومێدی لەشساغی و تەمەن درێژی بۆ خانەوادەکانیان دەخوازین.
نەورۆز هەروەک چۆن هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشتە، بۆ گەلی کوردستان مانا و مژدەی ژیان و هێما و سیمبولی ئازادیخوازی و ڕاپەرین و سەرکەوتن بووە، هیوادارین بەهەمان شێوە ببێتە مایەی سەلامەتی و رزگاربوونی مرۆڤایەتی لەو پەتا جیهانیەی ئێستا و خۆشگوزەرانی و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ هەمووان.
لێرەوە وێڕای سوپاسی خۆڕاگری هاوڵاتیان لە بەرامبەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و تەندروستی، ڕێز و دەستخۆشی و سوپاسی یەکە بە یەکەی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی لە تیمەکانی خزمەتگوزاری ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەین بۆ ئەرکی پیرۆز و شەونخونیان لەپێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان، ئاواتەخوازین هەر سەلامەت و سەربەرز بن.
لێرەوە داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین خۆڕاگر بن و پابەندی ڕێنمایییەکانی تەندروستی و ژینگەپارێزی و سەلامەتی خۆیان و منداڵەکانیان بن، بەردەوام بن لە بەستنی ماسک و دووربن لە قەرەباڵغی و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ، بە بوونی هەر نیشانەیەک و گومانێکت، سەردانی سەنتەرەکانی پشکنین و چارەسەری بکەن و بە ماسکەوە لە کەسی بەرامبەرت دوور بکەوە.
دووپات دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین بەردەوامبین لە جەنگی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە پاڵپشتی ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پابەندبوونی ھەمووان بە ڕێنماییەکانی تەندروستی.
دووبارە جەژنی ساڵی نوێی کوردی و بەهار و نەورۆزتان پیرۆز بێت، هەر لە خۆشی و تەندروستی و سەلامەتی دابن.
د. سامان بەرزنجی
وەزیری تەندروستی
21 ئازار 2021