بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاو کردەوە
لڤین:
بزوتنەوەی گۆڕان، ڕایدەگەیەنێت کە کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر بۆ ھاوڵاتیان و گەشەپێدانی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی لەنێوان ھاوڵاتیان و ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم و دورکەوتنەوە لە ململانێی بیرتەسکی کەسی و حیزبی و میدیایی.
بزوتنەوەی گۆڕان، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردیی و یادی سەرکەوتنی راپەڕینی ساڵی 1991ی خەڵکی کوردستان و ئازادکردنی شاری کەرکوک، پەیامێکی بڵاو کردەوە
لەسەرەتای پەیامەکەی گۆڕاندا هاتووە: جەژنی نەورۆز، بۆنەیەکی گرنگی نەتەوەییە، وانەی بەرگریی و پاراستنی خاک و زمان و رەگەزە بنەرەتیەکانی مانەوەی کوردە، بۆنەی بەهێزکردنی روحی بەرەنگاریە بەرامبەر بە جەور و ستەمی داگیرکەران.
هەر لە پەیامەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەسەر “بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، کە کارکردن و تێکۆشانی بەردەوامە بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر بۆ ھاوڵاتیان و پاراستنی ژیان و کەرامەت و ئازادییەکان. لەگەڵ بەھێزکردنەوە و گەشەپێدانی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی لەنێوان ھاوڵاتیان و ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم و دورکەوتنەوە لە ململانێی بیرتەسکی کەسی و حیزبی و میدیایی”.
بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت: “قەوارەی ھەرێم بە ھاوڵاتیەکانی دەپارێزرێ بۆیە دەبێ ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتی سەنتەری بیرکردنەوەی حوکمڕانی بێ لە کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش پەیڕەوکردنی چاکسازی گشتگیر و ھەمەلایەن پێویستیەکی لەپێشینەیی ئەم قۆناغە سیاسیەیە”.
دەقی پەیامەکە:
جەژنی نەورۆزتان پیرۆزبێت..
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢١)، پیرۆزبایی گەرم لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و کوردانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و هاونیشتیمانیانمان لە رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باکوری کوردستان و رەوەندی کوردی دەکەین.
جەژنی نەورۆز، بۆنەیەکی گرنگی نەتەوەییە، وانەی بەرگریی و پاراستنی خاک و زمان و رەگەزە بنەرەتیەکانی مانەوەی کوردە، بۆنەی بەهێزکردنی روحی بەرەنگاریە بەرامبەر بە جەور و ستەمی داگیرکەران.
لەم بۆنە گرنگ و پیرۆزەدا، کە ھاوکاتە لەگەڵ یادی سەرکەوتنی راپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئازادکردنی شاری کەرکوک.
بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەسەر بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، کە کارکردن و تێکۆشانی بەردەوامە بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر بۆ ھاوڵاتیان و پاراستنی ژیان و کەرامەت و ئازادییەکان. لەگەڵ بەھێزکردنەوە و گەشەپێدانی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی لەنێوان ھاوڵاتیان و ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم و دورکەوتنەوە لە ململانێی بیرتەسکی کەسی و حیزبی و میدیایی. ھاوکات پشتگیری سیاسیی و مەعنەوی بۆ خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی تێکۆشانی سەدان ساڵە، پێویستە پارێزگاری لەبون و مانەوەی بکرێت، بەڵام قەوارەی ھەرێم بە سوپایەکی یەکگرتوو، حکومەتێکی باش و یەکگرتوو، دادگایەکی بێ لایەن و پەرلەمانێکی کارا و بازاڕێکی ئازاد و قۆرخ نەکراو، لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران دەپارێزرێ و بەھێز دەکرێ.
قەوارەی ھەرێم بە ھاوڵاتیەکانی دەپارێزرێ بۆیە دەبێ ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتی سەنتەری بیرکردنەوەی حوکمڕانی بێ لە کوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش پەیڕەوکردنی چاکسازی گشتگیر و ھەمەلایەن پێویستیەکی لەپێشینەیی ئەم قۆناغە سیاسیەیە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی بەردەوام ئاراستەی ھەموو ئەو ھاونیشتمانیانە بکەین کە دەنگدەر و پشتیوانی ئەم پڕۆژە سیاسیە بون و دەبن، بە پشتیوانی ئێوە بەرەو ھەڵبژاردنی ناوخۆیی و کۆنفرانسی دوەمی نیشتمانی دەڕۆین، لێرەوە بەرەو چارەسەری کێشەکان و بەھێزکردنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و ئاشتەوایی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ھەنگاو دەنێین.
جارێکی تر، جەژنی نەورۆزتان لێ پیرۆز دەکەین و هیوادارین کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ بەگەشاوەیی لەدڵ و هزرتاندا بمێنتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی ئازاری ٢٠٢١