‌پێویستە دوای پەسەندکردنی بودجە پەرلەمانی عیراق هەڵبوەشێتەوە

وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکراوە، ئەرکی حکومەت و پەرلەمانە ئامادەکاری و کار ئاسانی جدی بکەن بۆ هەڵبژاردن. پێداویستیەکانی هەڵبژاردنی پێشوەخت ئامادەن. لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجە ئیتر بەهانەیەک بۆ کاری ئەم خولەی پەرلەمان نامێنێتەوە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی یاسای دادگای ئیتحادیش تەواو کرا.

بۆچونێک هەیە کە گوایە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان پەیوەست بکرێت بە تسدیقی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئایندە، ئەمە پێچەوانەی بنەماکانی دەستورو یاسایە. ئەو بابەتە رێکارو دامەزراوەی تر هەیە لێی بەرپرسە نەک پەرلەمان.

خەڵک گۆڕانکاری دەوێت لەهەموو ئاستەکان پەرلەمانیش ئەو داوایەی شەقامی ناڕازی لەکاتی خۆپیشاندانەکان پەسەندکرد. نەبوونی متمانە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شەڕی کاتی بەهێزکردوە، هەر بۆیە وادەی هەڵبژاردنی پێش وەخت هەر دەخلیسکێ.

بۆچی پێویستە پەرلەمانی عیراق خۆی هەڵبوەشێنێتەوە؟

کەڵەکەبوونی قەیرانی هەمەچەشن

بەردەوامی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات

بەیاسایی کردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، دەستەبەربونی هەموو رێکارەکان لەبەردەم هەڵبژاردن وەک کۆمسیۆن و تەمویلی دارایی و هەبوونی دادگای ئیتحادی بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکان.

بەم هەنگاوە پەرلەمان هێز بۆ خۆی و پرۆسەی سیاسی دەگەڕێنێتەوە. ئەو ئەندامانەشی  دەیانەوێ لەخولی ئایندە بەشداربنەوە ئەم بڕیارە کێرڤی متمانە پێدانیان بەرزتر دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە رێکارێکی دەستوریی و ئاساییە بەپێی مادە ٦٤ دەستور میکانیزمەکانی خۆهەڵوەشانەوەو داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی دیاریکردوە.

دور نیە پەرلەمان ئەم بابەتە تاوتوێ بکات بە ئامانجی خۆ هەڵنەوەشانەوە لە ژێر ناوی (حل) خۆهەڵوەشانەوە. چونکە خودی ئەم پەرلەمانە لەبنەمادا لایەنێکی بەهێزی رێگریکردن بون لە ئەنجامدانی هەڵبژارنی پێشوەخت.

لەبەر تیواری ئەم راستیانە لەدوای پەسەندکردنی بودجە گرنگترین بڕیارێک کە پێویستە پەرلەمانی عیراقی دەریبکات هەڵوەشاندنەوەی خۆیەتی. بەر لەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن رێکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی بگرنە بەر.


سالار مەحمود

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button