باندێك لەسەر ساختەكاریی لە زەوی و موڵكدا دەستگیركران

لڤین:
باندێكی چوار كەسی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیركران، کە ژمارەی زەوی و موڵکیان بەشێوەیەکی نایاسایی وەرگرتوە و دواتر پێناسی ساختەیان بەناوی خاوەن موڵکەکە و وێنەی خۆیانەوە دروست کردوە و مامەڵەی فرۆشتنی دوو موڵکیشیان بەبڕی هەزاران دۆلار ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا ئاشکرایکرد کە پاش کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوون، لەلایەن هێزەکانیانەوە و بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی(456) لەیاسای سزادانی عێراقی رۆژی 4ی ئەم مانگە، چوار كەسیان دەستگیر کردووە.
راگەیەندراوەكەی ئاسایش ڕوونیکردوەتەوە ئەو چوار تۆمەتبارە هەستاون بە وەرگرتنی ژمارەی زەوی و موڵک بەشێوەیەکی نایاسایی، دواتر پێناسی ساختەیان بەناوی خاوەن موڵکەکە و وێنەی خۆیانەوە دروست کردوە و سەرجەم رێکارەکانی فرۆشتنی موڵکەکانیان تەواوکردوە، ئاماژەی بەوەشداوە کە تۆمەتبارەکان “مامەڵەی فرۆشتنی (2)دوو موڵکیان لەگەڕەکی (زەرگەتە) بە بڕی(225,000$) دۆلاری ئەمریکی کردوە”.
ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایش ئەوەشی خستوەتەڕوو “هێزەکانی ئاسایش دوای وەرگرتنی زانیاری و بە دوا داچوونێکی ورد توانی لەکاتی مامەڵەی فرۆشتنی زەوییەکاندا دەستگیریان بکات”.
تۆمەتبارەكان “لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە چەند جارێکی تر ئەم کارەیان ئەنجامداوەو لەتاوانێکی تردا بە بڕی 70 هەزار دۆلاری ئەمریکی تەلەفزیۆنیان لە پێشانگایەک بە ماوەی درێژخایەن بردوەو پارەکەیان خواردوەو ڕوبەڕوی یاسا کراونەتەوە”
تۆمەتبارەكان ئەمانەن:
1- تۆمەتبار(س.م.ع) لەدایکبوی ساڵی(1966 /کەرکوک) دانیشتوی /چەمچەماڵ.
2- تۆمەتبار(ش.أ.ع) لەدایکبوی ساڵی(1973 /کەرکوک) دانیشتوی /کەرکوک.
3- تۆمەتبار(ح.م.ع) لەدایکبوی ساڵی(1966 /کەرکوک) دانیشتوی /کەرکوک.
4- تۆمەتبار(م.س.م) لەدایکبوی ساڵی(1968 /کەرکوک) دانیشتوی /چەمچەماڵ.