ژمارەیەک پەرلەمانتار: وەڵامدانەوەی خوێندکاران بە فیشەک پێشهاتێکی ناجۆری قبوڵنەکراوە

لڤین:
ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان، لەسەر خراپی دۆخی خوێندن و پەروەردە و وەڵامدانەوەی داوای خوێندکاران بەلێدان و فیشەک دێنەدەنگ و داوادەکەن وەزارەتی پەروەردە ڕەچاوی ئایندەی خوێندکاران بکات و داواکاریەکانیان جێبەجێ بکات.
دوێنێ خوێندکارانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بۆ چوارەم ڕۆژی لەسەر یەک گردبوونەوە و لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە لایەن هیزە ئەمنییەکانەوە تەقە لە خوێندکاران کرا، لەو بارەیەوە بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردوە و هۆشدارریی دەدەنە وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی ڕەچاوی ئایندەی خوێندکاران بکات و داواکاریەکانیان جێبەجێ بکات، دەشڵێن: گوێنەگرتن لە داواکاری خوێندکاران دەرئەنجامێکی باشی نابێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگەیەندراوی بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان
گوێ نەگرتن و بەهەند وەرنەگرتنی ڕەخنەو پێشنیاری دڵسۆزانی پەروەردە، لەسەر جیاوازی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگا؟ و زانکۆ تایبەت و حکومیەکاندا و خەمساردی لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن، لەدوای شەپۆلی دووەمی کۆرۆناوە چاوەڕێی شپرزی و پاشەکشەی کەرتی پەروەردەی لێدەکرا.
دوای چوار ڕۆژ لە ناڕەزایەتی و بەرزکردنەوەی داواکاری سادەی خوێندکاران بۆ مافی ڕەوای پەروەردەییان، وەڵامدانەوەیان بەلێدان و فیشەک پێشهاتێکی ناجۆری قبوڵنەکراوە.
لە ماوەی ڕابردوودا بە بەهانەی کۆرۆنا دەرگای قوتابخانەکان بەداخراوی هێڵدرابونەوە، لەکاتێکدا خوێندنگەی تایبەت و زانکۆ تایبەتەکان دەوامیان تێدا دەکراو حکومەتیش بۆ سەرهەڵنەدانی ناڕەزایی خەمساردبوو لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن.
ئێمە وەک بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان، داواکاری خوێندکاران بە ڕەوا دەزانین و داوادەکەین وەزارەتی پەروەردە ڕەچاوی ئایندەی خوێندکاران بکات و داواکاریەکانیان جێبەجێ بکات، گوێنەگرتن لە داواکاری خوێندکاران دەرئەنجامێکی باشی نابێت.
پەرلەمانتارەکان:
ڕاهی ڕەهبەر
ئاشنا عەبدوڵا
شەمۆل ئاشتی
هەلز ئەحمەد محەمەد
موسلیم عەبدوڵا ڕەسول
فرید یعقوب ایلیا