ئاسایشی كۆیە:

باندێكی ساختەكردنی دراو دەستگیر كران

لڤین:

ئاسایشی كۆیە ئاشكرایكرد باندێكیان دەستگیر كردوە كە دراوی بیانییان ساختە كردوە و بەو پارەیەش كاڵا و شمەكیان لە هاوڵاتیان كڕیوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كۆیە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بڵاویكردەوە: چەند كەسێك دەستگیر كراون كە بە دۆلاری ساختە كاڵایان لە هاوڵاتیان كڕیوە، دوای ئەوەی ئاشكرا بون لەكاتی دەستگیركردنیاندا دۆلاری ساختەیان پێ‌ گیراوە، باندەكە روبەڕوی یاسا كراونەتەوە.

رونیشكراوەتەوە: ئەو باندە مانگی رابردو لە هەولێرەوە هاتونەتە كۆیە و لە 5 دوكانی فرۆشتنی مۆبایلدا بە 100 دۆلاری ساختە مۆبایلیان كڕیوە، دوای ئاشكرابونی ئەوەی پارەكان ساختەن  لە رێی كامێراكانی چاودێری و تیمەكانی لێكۆڵینەوە توانراوە كەسەكان بناسرێنەوە و یەكێكیان دەستگیر بكرێت.

ئاسایشی كۆیە ئەوەشی ئاشكرا كردوە: لە هەمان مانگدا دوو كەسی تر لەگوندێكی سنوری كۆیە بەبیانوی كڕینی ئاژەڵ سەردانی گوندەكەیان كردوە و بەبڕی 900 دۆلاری ئەمریكی ئاژەڵیان كڕیوە، دواتر دەركەوتوە دۆلارەكان ساختە بون.

هەرچی سەبارەت بە ئامارەكان رونكراوەتەوە: لەكۆتایی مانگی 1ی ئەمساڵەوە تائێستا دەستیان بەسەر بڕی 2 هەزارو 300 دۆلاری ساختەدا گرتوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ زیادبونی پارەی ساختەو داوا لەهاوڵاتیان و كاسبكاران دەكەن ئاگاداری خۆیان بن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button