فراکسیۆنی یەکێتی: باوەڕمان بەوە نیە حكومەت نەتوانێت موچە بە بێ لێبڕین دابەشبكات
لڤین:
فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: نرخی نەوت بۆ سەرو 65 دۆلار بەرزبووتەوە، درێژەدان بە لێبڕینی موچە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.
لە راگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، باوەڕمان بەوە نیە حكومەت نەتوانێت موچە بە بێ لێبڕینەوە دابەشبكات و دەشڵێت “دەبێت کۆتایی بە لێبرینی نایاسایی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم بهێنێت”.
راگەیەنراوێک لەفراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان :
وابریارە کۆتایی ھەفتەی داھاتوو وەزارەتی دارایی دەستبکات بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری ساڵی ۲٠۲۱.
ئێمە لەفراکسیۆنی یەکێتی وێرای ئەوەی بەنیگەرانیەوە دەروانینە بەردەوامیدان بە لێبرینی موچە، لەھەمانکاتدا ھۆشداری دەدەینە حکومەتی ھەرێم کە بەلەبەرچاوگرتنی زۆربوونی داهاتە ناوخۆیەکان لەم مانگەدا، دەبێت کۆتایی بە لێبرینی نایاسایی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم بهێنێت چونکە پێشتر حکومەت خۆی ڕایگەیاندبوو کە موچە ئەولەویەتە و بڕەکەی بە پێی داهاتی مانگانە لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریەوە دیاری دەکرێت .
لە ئێستاشدا دوای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرووی ٦٥ دۆلار و دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار، درێژەدان بەلێبرینی موچەی موچەخۆران ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت بەتایبەت کە لە چەندین بۆنە گوێبیستی بەرپرسانی باڵای حکومی بووین و دڵنیاییان پێداین کاتێک نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە ٦٠ دۆلار ھەرێم دەتوانێ بەبێ لێبرین مانگانە موچە دابەشبکات بەپێی سیاسەتی راگەیەنراوی حکومەتیش بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ رێژەی داھاتی مانگانە لەئێستادا دەتوانێیت موچە بەبێ لێبرین دابەشبکات ..
بۆیە ئێمە لە فراکسێۆنی یەکێتی هەرچەندە حیزبەکەمان یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیەم بەڵام لەم هەلومەرجە نوێیەی کەلەسەرەوە ئاماژەمان پێدا،بەهیچ جۆرێک ناچینە ژێرباری بەرپرسیارێتی داکۆکیکردن لە بڕیاری کەمکردنەوەی تەمویلی موچە بە بڕی ٪۲۱.
باوەڕمان بەوە نیە کە حکومەت نەتوانێت موچەی مانگی ئازار بە بێ لێبڕین بدات و ویژدان و ئەرکی نوێنەرایەتی گەلی کوردستان ڕێگەمان پێنادات پاساوی بۆ بهێنینەوە..
فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی کوردستان
١٧-٣-٢٠٢١