کەمال ئەتروشی لە حیزبی بەعسەوە بۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان

لڤین:

هەفتەی یەکەمی ئەمساڵ، دوای ململانێیەکی زۆر لە نێوخۆی پارتی لەسەر پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە نێوان شێخ بازی سەر بە نێچیرڤان بارزانی و کەمال ئەتروشی سەر بە مەسرور بارزانی بازەکە لەسەر کەمال ئەتروشی نیشتەوە.

کەمال ئەتروشی، لاوازترین کاندیدی نێو پاڵێوراوەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بوو، لەگەڵ ئەوەی لەسەرەتای دەست بەکاربوونی مەسرور بارزانییەوە وەک سەرۆکی حکومەت، راوێژکاری مەسرور بارزانی بوو بۆ کاروباری وزە، بەڵام لەرووی میدیاییەوە هیچ دەرکەوتنێکی نەبوو.

کاندیدی بەهێز بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان شێخ باز بوو، بەڵام بەهۆی نزیکبوونی لەنێچیرڤان بارزانییەوە بازەکە لەسەر شانی شێخ باز نەنیشتەوە.

شێخ باز وەک کەسێکی شارەزاو ئاگادار لەدۆسیەی نەوتی هەرێم یەکێک بوو دوور لە چاوی میدیاکان بەشداریی لە بەشێکی زۆر لەو وەفدانەی حکومەتی هەرێم دەکرد کە بۆ گفتوگۆ سەردانی بەغدادیان دەکرد.

بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی کارە پەیوەندیییەکەی بەرفراوانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا هەبوو.

چاوەڕێ دەکرا شانسی بوون بەوەزیری سامانە سروشتییەکانی هەبێت، بەڵام دواجار باجی نزیکبوونی لەنێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمیدا و نەیتوانی لەسەر کورسی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابنیشێت.

ئێستا بەناوی کەسێکی تەکنۆکراتەوە لەبواری نەوت، یەکێک لەباوەڕ پێکراوەکانی حیزبی بەعس بەپشتیوانی مەسرور بارزانی کوڕە گەورەی مەسعود بارزانی متمانەی وەزیری لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێدراوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی لڤین لەسەردەمی حیزبی بەعس باوکی کەمال ئەتروشی لە بەغداد دادوەر بووە.

کەمال ئەتروشیش بەهۆی شارەزایی لەزمانی ئینگلیزیدا لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا بێژەری تەلەفزیۆنی بەغداد بووە و بەزمانی ئینگلیزی هەواڵی خوێندوەتەوە، بەشی زۆری هەواڵەکانی ئەوکاتی هەواڵەکانی ئەوکاتەش  بەشان و باڵی سەدام حسیندا هەڵیداوە.

بە زەمالەی بەعسییەکان بۆ خوێندن چووەتە فەرەنساو لە شاری”بۆردۆ” نیشتەجێ بووە، ماستەرو دکتۆرای لەبواری نەوتدا بە پشتیوانی بەعسییەکان هێناوە.

کەمال ئەتروشی جگە لەخۆی، هاوسەرەکەشی ئەفسەر بووە لە دەزگای هەواڵگری عێڕاقی.

هاوسەری کەمال ئەتروشی ناوی” نەجلە” یەو لەخانەوادەیەکی موسڵاویەکانە، بە بنەمالە لە دەزگای هەواڵگری عێڕاق کاریان کردووە، نەجلە پلەی نەقیبی لە دەزگای هەواڵگری هەبووە لەسەردەمی بەرزان تکریتیدا.

جگەلەوە یەکێک لەبراکانی نەجلە بەناوی “عیسام چەلەبی” ماوەیەک وەزیری نەوتی عێراق بووە.

سەرەڕای ئەمانە، ئێستا کراوەتە وەزیری گرنگرترین پۆستە سیادییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تەنها لەبەرئەوەی جێگای متمانەی مەسرور بارزانییە، پرسی بەعسی بوونی پشتگوێ خراوە.

ئێستا نزیکەی سێ مانگە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی وەرگرتووە، هیچ دەرکەوتنێکی لە میدیاکان نەبووە، تەنانەت روونکردنەوەیەکیشی بڵاونەکردوەتەوە.

پێش ئەوەی متمانەی پەرلەمانی وەربگرێت، هیچ بەرنامەو پلانێکی بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی کردن لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشکەشی پەرلەمان نەکرد، لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتارانی دەرەوەی فراکسیۆنی پارتی دژی بە وەزیر بوونی بوون، بەڵام بەهۆی زۆرینەی پارتییەوە توانی متمانە وەربگرێت.

کەمال ئەتروشی دووەمین وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتە، لەمساڵدا چەندین جار شاندی دانوستانکاری هەرێم سەردانی بەغدادی کردووە بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت کەچی ئەم وەزیرە بەشداری هیچ کام لەو وەفدانەی نەکردووە.

بە لێکدانەوەی هەنگاوەکانی پێشووی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، ئامانجی لە دانانی کەمال ئەترووشی بە وەزیری سامانە سروشتییەکان تەنها و تەنها وەرگرتنەوەی مەلەفی نەوتە لەدەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای نەوەک بە دامەزراوە کردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

بەوپێیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا زیاتر وەک کۆمپانیایەکی کۆکردنەوەی پارە بۆ پارتی و لە ناو پارتیشدا بۆ بنەماڵەی مەسعود بارزانی کاری کردووە.

تەواوی گرێبەستە ئاڵۆزەکانی نەوتی هەرێم لەلایەن چەند کەسێکی دیارییکراوی ناو ئەو بنەماڵەیەوە واژوو کراون، هیچ کام لە دامەزراوە شەرعییەکان هەرێم ئاگاداری ئەو گرێبەستانە نین.

هەر بۆیە بەعسی بوونی کەمال ئەتروشی نەبووەتە گرفتێک تا رێگر بێت لەوەی بنەماڵەی بارزانی نەیکەنە وەزیری گرنگترین وەزارەتی حکومەتی هەرێم.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button