برایەکی نەوشیروان مستەفا:
عومەری سەید عەلی سوکایەتی بە مێژوی نەوشیروان مستەفا دەکات
لڤین:
برایەکی نەوشیروان مستەفا رایگەیاند، عومەری سەید عەلی ناهەقی و بێ ویژدانی و تەنانەت سوکایەتی بە مێژوی بیر و کاری سیاسی کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی ئەکات.
بەختیار مستەفا ئەمین، برای کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا، رێکخەریکۆچکردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە نوسینێکدا بە ناوی وەڵامێکی پێویست، زۆریش ماوە بۆ وتن دەڵێت: سەبارەت بە مەسەلەی موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان و پارەو پوڵی کاکم ( نەوشیروان مستەفا ) ئەبیستینەوە ، ئێمە لە سەرەتاوە وەک بەشێک لە کێشەی ناوخۆی بزوتنەوەکە و ململانێی دەسەڵات سەیرمانکردوە.
ئەو دەشڵێت “کاتێک ( عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە ) لە کۆبونەوەی گشتیدا و لە ١٣ ئازاری ئەمساڵدا، لە میدیا و دەزگاکانی راگەیاندنەوە، بۆ رای گشتی قسە ئەکات و ناهەقی و بێ ویژدانی و تەنانەت سوکایەتی بە مێژوی بیر و کاری سیاسی کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی ئەکات ، ناچارمان بە وەڵامدانەوەیەک بۆ ڕای گشتی ئەکات.
ئەو بەبیریهێناوەتەوە لە گشت وێستگەکانی خەبات و پێشمەرگایەتیدا، هاوڕێ و پشتیوان و هاوسەنگەری نەوشیروان مستەفا بووە، دەڵێت “گەر بنوسم و قسە بکەم ( کە هیوادارم لە ئایندەیا بتوانم ) زۆر هەیە بۆ وتن” .
ئەو لە نوسینەکەیدا دەڵێت: کاکم لە سەرەتای ( شۆڕشی نوێ ) وە ، هەمیشە دارایی شۆڕشی لابوە و دەسەڵاتی خەرجی هەبوە ، لە بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، بەهەمان شێوە !! بەڵام هەرگیز نە خۆی بەخاوەنی زانیوە و نە بە شێوەیەک رەفتاری کردوە کە خۆی خاوەنداری بکات ، ئەوەندە بەسە بڵێم خەرجی ماڵەکەی لە پشکێکی ( بازاڕی میترۆ ) وە ئەکرا و ئەو چەندان ملیۆن دۆلارەش کە باسی ئەکەن بۆ بزوتنەوەکە و پرۆژە سیاسیەکەی خەرج ئەکرا ، خەرجی خەستەخانە و کرێی خانوەکەی لەندەن هاوڕێکانی وەک یارمەتی بۆیان خەرجکردوە و دەستی بۆ پارەی بزوتنەوەکە نەبردوە ، ئەوانیش لە ژیاندا ماون.
براکەی نەوشیروان مستەفا دەڵێت “هەر کەس ولایەنێک وەک موڵکی شەخسی کاک نەوشیروان رەفتار بەو موڵک و پارە جێماوانەوە بکات، جگە لە ناشرینکردنی مێژوی ئەو پیاوە هیچیتر نیە، هەمو بیرکردنەوە و پلانیشی بۆ چارەنوسی زەوی گردی زەرگەتە ( کاریشی بۆ کردبو ) ئەوەبو بکرێ بە وەقف لەسەر زانکۆی سلێمانی و وەک شارێکی رۆشنبیری گەشەی پێ بدرێت . بۆیە هەواڵی تاپۆکردن و گواستنەوەی موڵکایەتی گردەکە لە پرسەکەیدا، ئێمەی تاسان و توشی شۆکی کردین” .
ئەو بەبیری دەهێنێتەوە کە براکەی “هەمیشە لای خۆمان و بە مناڵەکانی وتوە کە حەزناکات کاری سیاسی بکەن و تەنانەت چەند جارێک بە ئێمەی ئەوت کە با لەکۆڕ و کۆبونەوەدا بێن و فێری ماریفەت و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی ببن” .
بەختیار مستەفا ئەوەش ئاشکرا دەکات کاتێک رێکخەری کۆچکردوو “دکتۆرەکانی بێ ئومێدیانکرد لەوەی چاکبێتەوە ، چەند مانگێ پێش وەفاتی لە خەستەخانەی (مارسدنی مەلەکی بەریتانیا ) پەیامێکی بۆ هاوڕێکانی لە بزوتنەوەکەدا نارد و داوای لێکردن پێش کۆچی خۆی هەڵبژاردنێک بۆ رێکخەری گشتی بکەن، پێی خۆش بو پێش مەرگی رێکخەری گشتی نوێ ببینێ و ببیستێ ، هەرگیز نە کەسی بۆ ئەو پۆستە راسپاردوە و نە داواشیکردوە کەسێکی دیاریکراو جێگرەوەی بێت ، ئەو پەیامە نەگەیشت یان کاری پێنەکرا !! نەمانزانی بۆ”.
لە نوسینەکەیدا براکەی نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بەوەشکردووە لە دوای کۆچی دوایی براکەی “دەستە و گروپە جیاوازەکانی گۆڕانی گردەکەی زەرگەتە لە چەواشەکاری و لادان و شکاندن وسوکایەتی بە مێژو ، فیکر و کاری نەوشیروان مستەفا کردویانە، هەرگیز هیچ دوژمنێکی دەرەوە و نەیارێکی ناوخۆ نەیتوانیوە پێی بکات”.
لە کۆتایشدا دەڵێت “هەمو ویژدانێکی زیندوش تەنیا ئەو بەڵگەیەی بەسە کە چۆن رێکخەر و سەرکردایەتی بزوتنەوەکە پاش مردنی کاک نەوشیروان، وەک تۆڵە کردنەوەیەک لە هەڵپەی هاوپەیمانی و چونە ئەو حکومەتە حیزبیەدا بون، کە بە تۆمەتی تیرۆر و کوشتن و تێکدانی ئاسایشی کوردستان فەرمانی گرتنیان بۆ کاکم ( نەوشیروان مستەفا ) دەرکردبو”.