ئامانج ڕەحیم: بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بەهای قانونی هەیە

لڤین:

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند، بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە هەڵەبجە بەهای قانونی هەیە، هاوکات پیرۆزباییی لە هەڵەبجەییەکان دەکات کە پارێزگاکەیان بوەتە پارێزگای ژمارە ١٩ی عێراق.

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە حکومەتی ناوەندی پابەندکرد بە تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە، ڕایگەیاند، “سوپاس بۆ خوای گەورە دوێنێ ١٦-٣-٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەران بە کۆی دەنگ  بڕیارێکی نیابی دەرکرد کە بەھای قانونی ھەیە وبڕیاریدا بە ئیلزام کردنی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵی بە تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەکەم لەسەر ئاستی حکومەتی فیدڕاڵی”

هەروەها دەڵێت: “سوپاس بۆ ھەموو ئەو دڵسۆزانەی پشتیوان بوون بۆ ئەم بڕیارە بە تایبەتی نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، خۆشحاڵیشم بەندە بەشداربوو لەم ھەوڵانە و لەسەردانەکانی پێشوومان بۆ بەغدا بەردەوام لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی نوێنەران کارمان کرد و بە شەش ئەرگومێنتی دەستووریی وقانونی داکۆکیمان کرد لە یاسایی بوون و دەستووریی بوونی بە پارێزگابوونی ھەلەبجە وەک پارێزگای ژمارە ١٩ لەسەر ئاستی حکومەتی فیدڕاڵی”.

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هاوکات پیرۆزبایی لە ھەڵەبجەییەکان دەکات کە پارێزگاکەیان بووە پارێزگای ژمارە ١٩ی عێراق.

پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ژمارە ٤٥ ی خۆی و بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٥٦٨ لە ٣١-١٢-٢٠١٣ بڕیاری بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەیدا.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button