پارێزگاری سلێمانی ڕای خۆی لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ لە نەورۆزدا ئاشکراکرد

لڤین:
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ لە نەورۆزدا ڕوونکردنەوەیدا و ڕایگەیاند، هەموو خەڵکی پارێزگای سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە بەمشێوازەی، کە ئێستا هەیە پابەندبن نەکەرەتینە رادەگەیەنرێت و نە قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەنرێت و ئاگری نەورۆزیش دەکرێتەوە.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، سەبارەت بە مەراسیمەکانی نەورۆز لەمساڵدا بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، “ئاگر لەپارێزگای سلێمانی دەکرێتەوە، بەڵام ئاهەنگ گێڕان و قەڕەباڵغی دروستکردن و بەریەککەوتن و کۆبونەوە نابێت بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، هەموو ئەو چالاکیانەی دەکرێن لەژێر رێنمایی و ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکاندا بەڕێوەدەچن، ئاگر لەمامەیارەش دەکرێتەوە، بڕیارە لەبناری گۆیژەش بکرێتەوە، کۆمەڵێک چالاکی گشتی وەکو ئەسپ سواری و کاری دەست و پێشکەشکردنی بەرهەمی خۆماڵی، هەروەها کێبڕکێ و پەڕەشوتی و پاڵەوانبازی و کۆمەڵێک یاری کەلتوری و فۆلکلۆری و شارستانی ڕەسەنی کوردی نمایش دەکرێن”.
لەبارەی ئاهەنگگێڕان لە شەقامە گشتییەکانیش ئاشکرایکردووە کە ئەوانەش رێکدەخرێن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەی ئارامی پاریزگای سلێمانی لە دیوانی پاریزگا کۆدەبنەوە بۆ دانانی رێکاری پێویست بۆ رێکخستنی هەموو ئەو چالاکیانەی کە بەڕێوەدەچن.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستوەتەڕوو کە “پەیوەست بە پارێزگای سلێمانی و سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی پیرۆزبایی لەهەموو خەڵکی خۆشەویست دەکەین، وە دڵنیایان دەکەینەوە بەمشێوازەی کە ئێستا هەیە پابەندبن نە کەرەتینە ڕادەگەیەنرێت و نە قەدەغەی هاتووچۆ ڕادەگەیەنرێت”.