نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە داوایەک لە عێراق دەکات
لڤین:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان هەر ئەوەمان لێ دەخوازێت جەخت لە یەکڕیزی ههموو لایهن و پێکهاتهکانی کوردستان بکەینەوە.
لە ٣٣ هەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا نێچیرڤان بارزانی، پەیامیکی بڵاو کردەوە و تیایدا دەڵێت: وێڕای دروود و سڵاو و سەردانهواندن لە ئاست شەهیدان و قوربانییەکاندا، وەک هەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکهوهییی ههموو لایهن و پێکهاتهکانی کوردستان دەکەینەوە. وەفاداریمان بۆ خوێنی شەهیدان هەر ئەوەمان لێ دەخوازێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتوشیەتی: جەخت لە بایەخدانی زياتر بە هەڵەبجە و خەڵکەکەی دەکەینەوە. خزمەتی برینداران و کەسوکاری قوربانییان، کار و هەنگاوی زیاترمان لێ دەخوازێت کە شایستەی پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتووانە سەربەرز و ستەمدیدەکەی بێت.
ئەو داوای لە حکومەتی عێراقی کردووە وەک بەرپرسیاریهتیی یاسایی و ئەخلاقی، ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بۆ قەرەبووکردنەوەی دانیشتووان و ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە، هەنگاوی کردەیی بنێت.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی کردووە کاری جددی بکەن بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ و بنەبڕکردنی چەک و تەکنۆلۆژیای مردن.