یەکگرتووی ئیسلامی داوای بودجەی تایبەت بۆ هەڵەبجە دەکات

لڤین:
یەكگرتووی ئیسلامی، بەبۆنەی ٣٣ هەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە داوا دەکات، بودجەیەكی ساڵانە بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بكرێت.
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، حكومەتی فیدراڵی وەك بەرپرسیارێتی نیشتیمانی دەوڵەتی نوێی عێراقی، رێكارە فەرمییەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكات.
دەقی راگەیەندراوەكە:
بسم الله الرحمن الرحیم
خەڵكی ئازار چەشتووی كوردستان..
هاوشاریانی هەڵەبجەی ئازیز..
33 ساڵ پێش ئێستاو لە رۆژێكی بەهاریدا كە سروشتی رازاوەی كوردستان بە نێرگزو گوڵان دەخەمڵێ، رژێمی بەعس هەزاران رۆڵەی جوانو پیری هەڵەبجەی، بە گازی كیمیاوی شەهیدو بریندار كردو شارێكی ئاوا دێرینو ئاوەدان بە عیلمو عیرفان، لەیەك رۆژدا كردی بە وێرانەی بێ ژیان، هاوشاریانیشی پەڕاگەندەی شارانو وڵاتان كرد.
دوای 33 ساڵ لەو كارەساتە، خوێنی زیاتر لە پێنج هەزار شەهید، دەیخواست لە یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمەوە، ستراتیژییەتی ژیاندنەوەی هەڵەبجە بڕگەیەكی سەرەكی بەرنامەی كاربوایەو بكرایەتە نمونەی ئاوەدانی كوردستان، كە ساڵانە ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی تیا ئەنجام بدرێت، ژینگەی لەبارو خاكی بەپیتو، توانای مرۆیی هەڵەبجە، بەسن بۆ داڕشتنی پلانێكی درێژخایەنی بونیاتنانەوە.
یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەم یادەدا داوا دەكات:
1- حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی ساڵانە بۆ ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بكاتو وەك پارێزگایەكی تازەی هەرێم تواناكانی حوكمڕانی بۆ زیاتر قەرەبووكردنەوەی بخاتەگەڕ.
2- ئەنجومەنی پارێزگاو بەڕێوبەرە گشتییەكانی دەستبەكاربن.
3- پەرلەمانی كوردستان یاسای تایبەت بە منداڵە ونبووەكان تەشریع بكات.
4- حكومەتی فیدراڵی وەك بەرپرسیارێتی نیشتیمانی دەوڵەتی نوێی عێراقی، رێكارە فەرمییەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكات.
5- حكومەتی فیدراڵ قەرەبووی ماددیو مەعنەوی زیان لێكەوتوان لەئەستۆ بگرێت.
6- مافی یاسایی زیندانیانی سیاسی هەڵەبجەییەكان، هاوشێوەی رەفەح لە خوارووی عێراق بێتە جێبەجێكردن.
7- حكومەتی فیدراڵ بەشداری بكات لە بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری تەواوی پارێزگاكە.
دروودو سڵاو بۆ گیانی گوڵ وەریوی كووچەو كۆڵانەكانی هەڵەبجەو هەموو شەهیدانی كوردستان.
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
16/3/2021