بۆچی مەسعود بارزانی و لاهور شێخ جەنگی کۆ نابنەوە؟

بارزانی داوای کۆبوونەوە دەکات بەڵام دەوروبەرەکەی تێکی دەدەن؟

لڤین:

لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگدا چەند جارێک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی داوای کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کردووە بەڵام تا ئێستا کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدراوە.

کۆتایی ساڵی ڕابردوو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات لە رێگەی محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری حیزبی سۆسیالسیت پەیامێکی ئاڕاستەی لاهور شێخ جەنگی کرد بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەنجام بدەن بەڵام هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو.

سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵی جارێکی دیکە، بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە هەوڵێکی نوێ لەلایەن سەرۆکی پارتییەوە نرا، بەڵام بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەند زانیارییەک لە میدیاکانی پارتییەوە دژی یەکێتی ئەو هەوڵەش لەبار برایەوە.

زانیارییەکان لە کەناڵی ڕووداوی سەر بە باڵی نێچیرڤان بارزانییەوە بڵاوکرانەوە کە تێیدا باس لەوەکرابوو ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتاری یەکێتی هەڕەشەی ئەوەیان کردووە گەر سلێمانی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات ئەوا دەستلەکاردەکێشنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە لڤینی وت، باڵی مەسروور بارزانی بە مەبەست ئەو زانیاریەیان خستوەتە بەردەم میدیاکەی نێچیرڤان بارزانی تا گومانی تێکچوونی هەوڵەکە نەخرێتە ئەستۆی ئەوان.

بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریانە کاردانەوەی میدیای یەکێتی بەدوای خۆیدا هێنا ئەوەش وایکرد، ئەو هەوڵەش جارێکی تر شکست بهێنێتەوە و کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرێت.

دوایین هەوڵ لە ڕێگەی شێخ مەحموود حەفید زادە،  کەسایەتی دیاری شاری سلێمانی و نەوەی شێخ مەحمودی حەفیدەوە، سەرەتای ئەم مانگە ئەنجام درا، کە تێێدا دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی ڕاگەیاندبوو.

شێخ مەحموود ئاشکرای کرد “مەسعود بارزانی و لاهور شێخ جەنگی ئامادەن پێکەوە کۆببنەوە بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری کراوە لەگەڵ ئەوەشدا هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە دەربڕیوە.

ئەمە جگەلەوەی هەواڵەکە لە میدیاکانی هەردوولاوە بڵاوکرایەوە، بەڵام تەنها میدیای باڵی مەسروور بارزانی کوڕە گەورەی مەسعود بارزانی گرنگی بە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان نەدا، تا دواجار هاوشێوەی ڕابردوو بەهۆی لێدوانێکی بەرپرسێکی ناو بارەگای بارزانییەوە هەوڵەکە شکستی پێهێنرا.

پارتی و بە دیارییکراوی باڵی هەواڵگری ئەو حیزبە کە مەسروور بارزانی سەرکردایەتی دەکات، لە دوای کۆنگرەی چوارەمی یەکێتییەوە ئەنجامەکانی کۆنگرەکەی ڕەتکردووەتەوە، بە ئامانجی ئەوەی شەرعیەت بە لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی نەدات، کە بەپێی بەدواداچوونەکانی لڤین ئەوەندەی پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی خودی پارتییەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بەو هۆکارانەوە نییە کە بۆ رەتکردنەوەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی یەکێتی بەکار دەهێنرێن.

تێکچوونی پەیوەندییەکانی مەسروور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی بۆ سەردەمی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دەگەڕێتەوە، هەر لەوکاتەوە ئەو دوو کەسایەتییە ململانێی توند لە نێوانیان هەبووە و بەردەوام ئەو ململانێیانە گرژی تێدا بووە.

بەڵام ئێستا باڵی مەسروور بارزانی بە بیانووی رادەستکردنی کەرکووک بە حەشدی شەعبی لە ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ئامادە نیە دان بە ئەنجامەکانی کۆنگرەی یەکێتییدا بنێت و لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆکی یەکێتی بناسێت.

لەکاتێکدا ئەو بەرپرسانەی یەکێتی کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی و بە دیارییکراوی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران تۆمەتبارن، لاهور شێخ جەنگییان تێدا نییە، بەڵکو رێککەوتنەکە لەلایەن باڤڵ تاڵەبانیی هاوسەرۆکی ئێستای یەکێتیەوە ئەنجامدراوە و هەر خۆشی چەند جارێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا بە ڕاشکاوی باسی کردووە.

کەچی ئێستا ماڵی مەسعود بارزانی لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی رێکن و دیدار و کۆبوونەوەیان هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر بەهۆی ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانییەوە روویاندا، بەڵام لەبەرئەوەی یەکێتی لەو کاتەدا بەسەر چەند باڵێکدا دابەش بوو، بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسییەکانی ژێر بە ژێر لەگەڵ پارتی پەیوەندییان هەبوو، کەرکووک جێگای نفوزی یەکێتی بوو، میدیایەکی بەهێزی نەبوو کە ڕای گشتی لە سەر دۆخەکە هۆشیار بکاتەوە، بۆیە بەسەریدا شکایەوە.

بەپێی لێکدانەوەی شرۆڤە کاران، مەسرور بارزانی ترسی گەورەی لە مامەڵە کردن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی بە ململانێ ناوخۆییەکانی ناو پارتییەوە هەیە، چونکە نایەوێت سیناریۆی هاوسەرۆکایەتی بۆ ناو پارتیش بگوازرێتەوە، بەو پێیەی لە دوای مردنی مەسعود بارزانی چیدی چەتری کۆکردنەوەی باڵە جیاوازەکانی ئەو حیزبە نامێنێت، پێکدادانی توندی لەگەڵ ئامۆزاکەی دەبێت.

بۆیە پێنجاچێت تا بەلایەک دا خستنی ململانێکانی ناو پارتی، پەیوەندییەکانی مەسروور بارزانی و لاهور شێخ جەنگی ئاسایی ببنەوە، کە ئەنجامەکەی تەنها لاواز بوونی زیاتری کابینەکەی مەسروور بارزانی دەبێت، چونکە بڕیاری یەکلاکەرەوەی ناو یەکێتی لای لاهور شێخ جەنگییە نەک باڤڵ تاڵەبانی.

 



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button