“بکوژی دوو سکیۆریتیەکەی چەقچەق یەکێکە لە تەقەکەرانی 17ی شوبات”

لڤین: رێکخراوی (17)ی شوبات ئاشکرای دەکات، ئەو کەسەی لە چەند شەوی ڕابردوودا هێرشی کردە سەر فرۆشگایەکی خواردنەوە کحولییەکان لە چەقچەق و بەهۆیەوە دوو سکیۆریتیی کوژران “یەکێکە لە تەقەکەرانی 17ی شوبات و کوشتنی خۆپیشاندەران”.

شەوی 11ی ئەم مانگە لە چەقچەقی شاری سلێمانی، تەقە لە فرۆشگایەکی خواردنەوە کحولییەکان کرا لە  لەئەنجامدا دوو کەس کوژران کە کارمەندی سکیۆرێتی بوون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەو بارەیەوە رێکخراوی (17)ی شوبات لە ڕوونکردنەوەیەکەدا ئاشکرای دەکات، ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامدراوە هەمان تەقەکەری خۆپیشاندانەکانە.

لە رونکردنەوەکەدا هاتووە : “رووداوی کوشتنی دوو کەس و بریندارکردنی سێ کەس لە یانەیەکی شەوانەی سلێمانی لە سایەی بزربونی سەروەری یاسادا یەکەمین روداو نییە و دواهەمین رووداویش نابێت، ئەو کەسەی تاوانی یانەی شەوانەکەی ئەنجامداوە هەمان تەقەکەری خۆپشاندانەکانی (17)ی شوباتە کە لە (20)ی شوبات گەنجانی خۆپشاندەر دەداتە بەرگوللـە کە لە و رۆژەو رۆژی دواتردا دوو کەس بەناوەکانی شەهید سورکێو و شەهید شێرزاد شەهید دەبن، تائێستا نەک نەدراون بە دادگا، بەڵکو یەکێك لەوانە دیسان دەمانچەی حیزب دەردەهێنێ وخەڵکی تر خەڵتانی خوێن دەکات”.

دوێنێ ئاسایشی سلێمانی، ڕایگەیاند دوای لێکۆڵینەوەیان لە رووداوی تەقەکردن لە فرۆشگایەکی خواردنەوە کحولییەکان لە شەقامی گشتی چەق چەق – قلیاسان دوای (24) کاتژمێر توانیویانە تۆمەتباران دەستنیشان بكەن و دەستگیریان بکەن و دەست بەسەر ئەو كەرەستە و ئۆتۆمبێلانەشدا بگیرێت كە تاوانەكەیان پێ ئەنجامداوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button