سوپای ئیسرائیل ئاماری نوێی جه‌نگه‌كه‌ی راگه‌یاند

لڤین

سوپای ئیسرائیل ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كوژرانی سه‌ربازێكی ڕاگه‌یاند كه‌ پێشتر له‌ شه‌ڕه‌كانی باكوری كه‌رتی غه‌ززه‌ برینداربوبو، به‌مه‌ش ژماره‌ی كوژراوانی سوپای ئیسرائیل له‌ دوای 7ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ (ئۆپه‌راسیۆنی تۆفانی ئه‌قسا) گه‌یشته‌ 635 ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز.

سوپای ئیسرائیل له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كه‌ ناوی بێزالێل زڤی كۆڤاچس، ته‌مه‌نی 20 ساڵه‌ و سه‌رباز بوه‌ له‌ كه‌تیبه‌ی “نه‌تزا یه‌هودا” له‌ لیوای كفیر.

به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئه‌و سه‌ربازه‌ له‌ ئه‌نجامی برینێكی سه‌خت كه‌ چوارشه‌ممه‌ی ڕابردو له‌ شه‌ڕێكدا له‌ باكوری كه‌رتی غه‌ززه‌ توشی بوه‌، گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

سوپای ئیسرائیل له‌  ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی خۆیدا بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌وه‌ له‌ 7ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2023ه‌وه‌ (به‌ شه‌ڕه‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ و كه‌ناری ڕۆژاوای و سنوری لوبنانه‌وه‌) ژماره‌ی كوژراوانی بۆ 635 ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز به‌رزبوه‌ته‌وه‌.

ژماره‌ی بریندارانی سوپای ئیسرائیل له‌ 7ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ه‌وه‌ نزیكه‌ی سێ هه‌زار و 601 بریندار بوه‌ كه‌ دو هه‌زار و 97 برینداری سوك و 948 برینداریان مامناوه‌ند و 556 برینداریشیان قورس بون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button