شاندێكی‌ باڵای‌ هه‌رێم بۆ پرسه‌ی‌ ره‌ئیسی‌ ده‌چێته‌ ئێران

لڤین

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ به‌مه‌ستی  به‌شداریی پرسه‌ی سه‌رۆككۆماری كۆچكردووی ئێران، شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌ تاران.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی‌ ئایاری‌ 2024، ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ شاندێكی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌ستی  به‌شداریی پرسه‌ی سه‌رۆك كۆماری كۆچكردووی ئێران، سه‌ردانی ئێران ده‌كات.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ شانده‌كه‌ بریتییه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.  مسته‌فا سه‌ید قادر جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ.

رۆژی یەکشەممە 19ی ئایاری 2024، لەکاتی گەڕانەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و شاندێکی هاوڕێی كه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌شی تێدا بوو، لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی بۆ پارێزگای تەبرێز، هێلیکۆپتەرەکەیان تێکشکاو دوای گەڕانێکی زۆر، به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ 20ی ئایار، میدیای فه‌رمی ئێران گیانلەدەستدانی سەرجەم سەرنشینانی ئەو هێلیکۆپتەرەی راگەیاند.

به‌هۆی ئه‌و رووداوه‌وه‌ له‌ ئێران چه‌ند رۆژێك مامه‌مینی له‌ ئێران راگه‌یه‌ندراوه‌و له‌مرۆ سێشه‌مه‌وه‌ مه‌راسیمه‌كان بۆ به‌خاكسپاردنی سه‌رۆك كۆماری ئێران و هاوه‌ڵه‌كانی ده‌ستیپێكردوه‌، ئه‌مرۆ له‌ شاری ئازه‌ربایجانی خۆرهه‌ڵات هاوڵاتیان گردبونه‌ته‌وه‌و وێنه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی و حه‌وت به‌رپرسی دیكه‌ی هاوه‌ڵی ره‌ئیسیان به‌رزكردوه‌ته‌وه‌.

هه‌ر ئه‌مرۆش ته‌رمی ره‌ئیشی و هاوه‌ڵه‌كانی ده‌برێته‌ شاری قوم له‌ ناوه‌راستی ئێران و دواتر كاروانی ته‌رمه‌كان به‌ره‌و تارانی پایته‌خت به‌رێده‌كه‌وێت و ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه‌ عه‌لی خامنه‌ئی، نوێژیان له‌سه‌ر ده‌كات و سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ش مه‌راسیمی ماڵئاواییان بۆ رێكده‌خرێت.

بریاریشه‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو ته‌رمی ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆمار به‌ره‌و پارێزكای خوراسان-ی باشور به‌رێ بكرێت و ئێواره‌ی هه‌مان رۆژیش له‌ زێدی خۆی له‌ شاری مه‌شهه‌د به‌خاك بسپێردرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button