سەمیر هەورامی ئاشکرایدەکات

شاندی هەرێم کەی بۆ 17یەمین جار دەگەڕێتەوە بەغداد؟

لڤین: وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، تا ئێستا وادەی گەڕانەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەستنیشان نەکراوە و گەڕانەوەی شاندەکەش بەندە بە دیاریکردنی کۆتا وادەی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، “تا ئێستا وادەی گەڕانەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دەستنیشان نەکراوە و چاوەڕێین وادەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دیاریبکرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردوامە لەپێناو جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی 2021دا، دووپاتیشیکردوەتەوە کە هەرێم پابەندبوونی تەواوی خۆی بە مەرجەکانی لیژنەی دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی دووپاتکردووەتەوە، هەربۆیە ناکرێت بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاساکە تێپەڕێندرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر شاندی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی 2021ی عێراق و پرسی نەوت 16 جار سەردانی بەغدای کردووە و گەڕانەوەی ئەمجارەی شاندەکەش بۆ بەغدا دەبێتە 17 یەمین جار و تائێستاش ڕێککەوتنی کۆتایی لەو بارەیەوە نەکراوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button