وەزیری بازرگانیی عێراق: رێکاری توند بەرامبەر هەرکەسێک دەگیرێتەبەر یاری بە نرخی خۆراک بکات

لڤین:

وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بەشەخۆراکی پێویستی چەند مانگی داهاتوو لە کۆگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەن و لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی هەیە بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراک.

ئەسیر غرێری وەزیری بازرگانیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا کە لەگەڵ وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا، رایگەیاند، چاودێریی توند بەسەر بازاڕەکانەوە هەیە و رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەکان دەکرێت و سزای توندی ئەو کەسانە دەدرێت کە یاری بە نرخەکان دەکەن.

دڵنیاییشی بە هەموو هاوڵاتییانی عێراق دا کە کۆگا ستراتیجییەکانی عێراق خۆراکی پێویستییان تێدایە و بەشەئاردی پێویست بۆ چەند مانگی داهاتوو هەیە و بەشەخۆراکی مانگی رەمەزانیش ئامادەکراوە.

لەبارەی گرانبوونی نرخی گۆشتەوە رایگەیاند نرخی گۆشت لە هەموو جیهان بەرزبووەتەوە و شتێک نییە تەنها لە عێراق روویدابێت و سامانی ئاژەڵ کەمیکردووە و ئاماژەی بەوەکرد کە رێکاری پێویستیان دەبێت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر ئەو پرسە.

لەبارەی کوالێتی ماددە خۆراکییەکان رایگەیاند، کوالێتی هەموو ماددەکانی بەشەخۆراک لە باشترین جۆرەکانن و هیچ کەمیی کوالێتی و کەموکوڕییەک قبوڵنەکراوە و لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەمان ماددەکان دابەشدەکرێن.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button