ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران لەبارەی بابەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم كۆده‌بێته‌وه‌

لڤین

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم تاوتوێ دەکرێت کە له‌لایه‌ن وه‌زیری ناوخۆوە راپۆرتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌خرێته‌ڕوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران (ماوە بۆدرێژکراوە)، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات.
ئەوەشی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی پرسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم لە دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە ٢٤ی ٩ی ساڵی ڕابردوو تایبەت بە راگرتنی كاركردن بە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٩، تایبەت بە هەمواری یاسای پارێزگاكان، ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٩، لەلایەن وەزیری ناوخۆوە دەخرێتەروو و گفتوگۆ دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٣ دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر سكاڵایەكی نەوەی نوێ سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە هەرێم و درێژكردنەوەی ماوەكەیان كۆبووەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا دادگا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button