عومەر سەید عەلی: ئامادەبووم دەست لەكار بكێشمەوە ئەگەر ناڕازیەكان بگەڕێنەوە
لڤین:
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند ئەو ئامادەبووە دەست لەكاربكێشێتەوە ئەگەر ناڕازیەكان بگەڕێنەوە بەڵام ئەوان رازی نەبوون، وتیشی، ئەوان بە بڕیاری جڤات لە حكومەتدا بەشدارن.
عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكەی رایگەیاند: ئامادەبووم دەست لەكاربكێشێتەوە ئەگەر ناڕازییەكان بگەڕێنەوە، بەڵام رازی نەبوون.
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكردوە، بزوتنەوەی گۆڕان نەبووە بە حزبێكی بنەماڵەیی، كێ بەڵگەیەكی لەبەردەستدایە لەبارەی ئەوەی كوڕەكانی كاك نەوشیروان بڕیار بەسەر خانەی راپەڕاندندا بسەپێنن، با بیخاتەڕوو، چونكە بڕیارەكان پێشتر و ئێستاش لەناو خانەی راپەڕاندندا دەركراون.
ئەو لەبارەی خاوەن دارێتی گردی زەرگەتە كە شوێنی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانە، وتی “ئەوكاتەی كاك نەوشیروان گردی زەرگەتەی وەرگرت، ئێمە هەموویان لەناو یەكێتیدا بووین، كێ نوسراو یاخود وەسێتنامەیەكی كاك نەوشیروانی لەلا هەیە كە بەر لەمردنی داوا دەكات خاوەندارێتی گردەكە بخرێتەسەر بزوتنەوەی گۆڕان با بیخاتەڕو”.
دەقەی قسەکانی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان:
مانگى ئازار و نیسان کۆمەڵێک روداویان لەخۆ گرتوە کە گرنگن بۆ خەڵکى کوردستان، یەکێک لەوانە راپەڕینى خەڵکى کوردستان بو دژى رژێمى بەعسى فاشى، له راپه‌ڕێندا ئه‌م قه‌واره سیاسییه‌ی ده‌ستكه‌وتوه كه ئێستا پێی دەو‌ترێت قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك خۆتان ده‌زانن ئه‌مە كیانێكی سیاسییه و له ده‌ستوری عێراقدا دانى پێدانراوە و به قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ره‌سمی ناسێنراوه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مامەڵەى له‌گه‌ڵ ده‌كات بەهەمان شێوە وڵاتانى هەرێمى، حكومه‌تی عێراقیش به‌پێی ده‌ستور مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، هەرچەندە وەک ئه‌وه‌ی له ده‌ستوردا هاتوه و په‌یوه‌ندی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه زۆر له مادده‌كانی جێبه‌جێ نه‌كراوه.
بۆیه ئه‌ركی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه و ئه‌ركی هه‌مو لایه‌نه سیاسیه‌كانه به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه به‌رگری له‌م قه‌واره سیاسییه بكەن و ئه‌م قه‌واره سیاسییه بپارێزرێت كه به‌رهه‌می خه‌باتی گه‌له‌كه‌مانه، پاراستنی ئه‌م قه‌واره‌یه ئه‌ركێكی مێژوییه له‌سه‌ر شانی هه‌مو تاكێكی كورد نابێت له پێناوی هه‌ندێ داخوازی بچوك قه‌واره‌كه‌مان له‌ده‌ست بده‌ین، نابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتێكی زوڵملێكه‌ر و گه‌نده‌ڵه و به‌ده‌م داخوازییه‌مانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه ناچێت قه‌واره كه‌سیاسییه‌كه‌مان له‌بیر بچێته‌وه و بیگۆڕینه‌وه بۆ شتی بچوك و كه‌رت و په‌رتی بكه‌ین و بڵێین با موچه له‌به‌غداوه وه‌ربگرین.
ئه‌م قه‌واره‌یه به خه‌مێكی زۆر و ئه‌ركێكی زۆر، به قوربانیی زۆر، به شه‌هیدی زۆر به ئه‌نفال به كیمیایابان و ره‌و، ته‌ختكردنی زیاتر له چوار پێنج هه‌زار گوند و لادێی كوردستان و له‌ناوچونی سه‌روه‌ت و سامانی جوتیارانی گه‌له‌كه‌مان كه له باوباپیریانەوە بۆیان ماوەتەوە، ده‌ستكه‌وتوه، بەڵام هه‌ندێ كه‌س داده‌نیشێت و گاڵتە به‌م قه‌واره سیاسییه ده‌كات.
ده‌بێت ئێوه‌ی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست وەڵامى ئەوانە بدەنەوە، بەتایبەت کە به‌داخه‌وه ئێستا ئه‌م قه‌واره سیاسییه‌ی هه‌مانه لەلایەن هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات؛ پارتی و یه‌كێتی به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان هه‌ڵنه‌ستاون بۆئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم كوردستان یه‌كبخه‌ن، له هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و هێزه‌كانی ناوخۆ له هه‌مو سێكته‌ره‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و داد و ئه‌وانی دیكه. هه‌ردو حیزب هەمو ئەو دامەزراوانەیان كه‌رت و په‌رت كردوه و تائێستاش یه‌كنه‌خراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش زیانی زۆری به ئه‌زمونه‌كه‌مان گه‌یاندوه هه‌م له‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك كه‌وتوه و هه‌م له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌چاوی رێزه‌وه سه‌یری ناكرێت و هه‌میشه‌ی جێگه‌ی ره‌خنه‌یانه كه ده‌ڵێن ئێوه (30) ساڵه حكومڕانن و كه‌ی دامه‌زراوه‌كانتان یه‌كده‌خه‌ن؟
ئێمە تێناگەین ئەو لایەنانە بۆ ئه‌و قسه ده‌هێننە سەر خۆیان كه وادەکات بوترێت كورد ئیداره‌ی خۆیی پێناكرێت؟، تاكه‌ی كورد هێزی یه‌كگرتوی نابێت؟ قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوتان نابێت؟ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه هه‌یه یه‌كیانناخه‌ن؟.
هەم ئەو پەرتەوازەییە فرسه‌تێكه بۆ ناحه‌ز و نه‌یاره‌كانیشمان كه زیاتر هانی ئه‌و دو لایه‌نه سیاسیه ده‌ده‌ن ئه‌زمونه‌كانی رابردو دوباره بكه‌نه‌وه و وەک ئه‌زمونه‌كانی عوسمانی و سه‌فه‌وی كورد بكه‌ن به دو به‌شه‌وه. به‌شێكی سه‌ر به ئیمپراتۆریه‌تی سه‌فه‌وی بن و به‌شێكی دیكه‌شی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و ئه‌ماره‌ته‌كان دروست بكه‌نه‌وه.
بۆیه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوا له هه‌مو هێزه‌كان به تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی ده‌كه‌ین کە له ده‌سه‌ڵاتدان و هێزی چه‌كداریان هه‌یه و به هێزه چه‌كداره‌كانیان ئه‌م بارودۆخه‌یان دروستكردوه، هه‌روه‌ها داوا له هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن دەکەین پێکەوە هه‌رێمی كوردستان و دام و ده‌زگاكانی یه‌كبخه‌ینه‌وه و به‌یه‌كگرتویی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین.
خه‌ڵكی كوردستان بێزاربون لەم دوبەرەکییە و له كاره‌كانی ئه‌م دو هێزه كه ئه‌و بارودۆخه‌یان دروستكردوه، کە دو هێزی گه‌نده‌ڵن و چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵییان پێناكرێت، راوڕوت و قاچاخچێتی و دزیكردن هه‌مو جومگه‌كانی حكومڕانی گرتوه‌ته‌وه، بازاڕ و ده‌سه‌ڵات و جومگه‌كانی حكومه‌تیان قۆرخكردوه، ئه‌وانه‌شی رۆژانه ره‌خنه‌یان لێده‌گرن و له‌كه‌موكورتییه‌كانیان ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان تا ئێستا ئاوڕی جدییان له كێشه‌كان نه‌داوه‌توه بۆیە ده‌بێت ئێمه به جدی ئیش له‌سه‌ر ئه‌وە بكه‌ین.
به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌لانه و دۆخى هەرێمى کوردستان به شه‌ڕه‌جنێو و ته‌شهیركردن و ناته‌نه‌و ته‌شه‌ر چارەسەر نابن، خۆتان ده‌زانن گه‌له‌كه‌مان ئه‌زمونی زۆری هه‌یه و توشی شه‌ڕی ناوخۆ بوه هه‌زارن شه‌هیدی داوه له هه‌ردو زۆنگی سه‌وز و زه‌رد به‌م نه‌گه‌یشتوه‌ته ئامانج ئێستاش به‌تانه و ته‌شه‌ر و ناوزڕاندن ناگه‌ینه ئامانج، دەبێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێشه‌نگ بێت بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ین به مه‌نتیقی سیاسیی و یاسایی و عه‌قڵی ئیداریی و ئه‌خلاقی قسه‌بكه‌ین بۆیه پێوسته بزوتنه‌وەی گۆڕان دوربێت له‌و رێچكه‌یه.
ئه‌م هه‌رێمه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌دایه، رۆژانه بیانومان پێده‌گرن، لە بیرى ئەوەدان ئەم هەرێمە کەرت و پەرت بکەین و ئێمەش بوینەتە هاوکاریان و دابه‌شبوین به‌سه‌ریاندا و گوێ بۆ قسه‌كانیان و دیدو بۆچونه‌كانیان ده‌گرین و كه‌وتوینه‌ته وێزه‌ی یه‌كتری، بۆیه لێره‌وه داوا ده‌كه‌ین له‌هه‌ردو هێزه‌كه ده‌رگایه‌ك بكه‌نه‌وه بۆ گفتوگۆ و دابنیشن و په‌رده‌یك بده‌ن به‌سەر روداوه‌كانی رابردودا و به‌یه‌كه‌وه دانیشن گفتوگۆ له‌سه‌ر هەمو پرسەکان بکەن، به‌ڵام به‌ته‌نیا نا، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنیش قسه بكه‌ن و حساب بۆقسه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و شه‌قامیش بكرێت، هه‌مومان به‌ییه‌كه‌وه له‌خه‌می ئه‌م ئه‌زمونه‌مان بین و بیپارێزین. رێگه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه كه هه‌مو دامه‌زراوه‌كان ئه‌م هه‌رێمه رێک بخەینەوە و بیپارێزین بزانین له‌وێوه و به‌یه‌كگرتویی له‌مه‌سه‌لە نیشتمایی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان چ ده‌سه‌ڵات و چ ئۆپۆزسیۆن چۆن مامەڵە بکەن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیحادی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داخوازییانه‌ی كه‌به‌پێی ده‌ستور هه‌مانه بۆمان جێبه‌جێبكرێت.
بۆیه پێیوسته وه‌فدی هاوبەش چ له كابینه‌كه‌ى حكومه‌ت بێت چ له لایه‌نه سیاسیه‌كانبێت ده‌بێت مه‌به‌ست له ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن. به‌داخه‌وه ئێمه زۆر هه‌وڵماندا بۆ ئه‌و بابه‌ته له هه‌ندێ شوێندا ده‌سه‌ڵات گوێی لێنه‌گرتیون له هه‌ندێ شوێنیش ئۆپۆزیسیۆن گوێیان لێنه‌گرتین، پێمان وتن هاوبه‌شبن له شاندێكی سیاسی و حكومی به‌یه‌كه‌وه بڕۆن بۆ به‌غدا بەڵام (یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ) نه‌هاتن، له‌كاتی خۆشی‌دا به‌پارتیمان وت پێیوسته ئه‌م هێزانه‌ش بێنه ناو كابینه‌ى حکومەتەوە و كابینه‌ی حكومه‌ت به‌هێزده‌كات به‌داخه‌وه پارتی گوێی لێنه‌گرتین.
ئێستا ئه‌م بارودۆخه له‌وه‌ده‌چێ له‌باربێت بۆ دانیشیتنی هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ل ئۆپۆزسیۆندا دابنیشن و به‌یه‌كه‌وه شاندی حكومیش و شاندی سیاسیش دروست بكه‌ین و قسه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیحادی بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ئیتیحادی له مه‌سه‌له‌ی به‌دجه و موچه و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان و ماده‌ی (140) و مه‌سه‌له‌ی مه‌جلیسی ئیتیحاد و یاسای گاز و نه‌وت و دادگای ئیتیحادی و دروستكردنی هه‌رێمه‌كان له‌مانه به‌گشتی.
ئه‌و به‌رنامه‌یەی حكومه‌تی ئیتیحادی هه‌یه‌تی له‌هه‌مو روه‌كانه‌وه هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت به‌شداربێت له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه له‌مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕو و ئاشتی و بودجه و ده‌رهێنانی سامانی سروشتی به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستوردا هاتوه ئاگاداری بێت، ئه‌مه‌ش بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی فراوانه بۆ كردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن بۆ ئه‌وه‌ی بیر له بژێوی و موچه و خزمه‌تگوزارییه‌كانی خه‌ڵك بكرێته‌وه، هه‌مو ئه‌و بابه‌تانه به‌شه‌فافیه‌ت باس بكرێت.
داهاتی ئه‌م هه‌رێمه به داهاتی نه‌وتی و ناوخۆ و ده‌روازه‌كان هه‌موی به‌ڕونی كۆبكرێته‌وه و بێته په‌رله‌مان و له‌وێوه به‌شه‌فافی لە بودجه‌دا رێکبخرێتەوە و بودجه‌ی ساڵانه‌مان هه‌بێت، وەزارەتەکان له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه وه‌زاره‌تی دارایی به‌رپرس بێت له‌جێبه‌جێ كردنی، ئه‌مه ئه‌ركی هه‌مو ئه‌و لایه‌نه ساسیانه‌یه كه‌باسمانكرد به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه.
لەبارەى دۆخى ناوخۆییەوە؛ ئێوه ده‌زانن وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌دوای كۆچی دوایی كاك نه‌وشیروان مسته‌فا كێشه‌مان هه‌بوه، كۆمه‌ڵێك له‌و براده‌رانه هه‌ریه‌كه و به‌هۆیه‌ك چوه‌ته ده‌ره‌وه و ره‌خنه‌ی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه، هەندێکیان پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وە بڵاوده‌كه‌نه‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له پره‌نسیپه‌كانی خۆی لایداوه، له دید و بۆچونه‌كانی ره‌وانشاد كاك نه‌وشیروان لایداوه.
ئه‌مانه هه‌مو قسه‌یه ده‌كرێت و تاوتاوه دێنه سه‌رمان و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و هه‌مو ئیشوكارییان ئه‌وه‌یه و هه‌رچی سایته‌كان هه‌یە پڕیانكردوه و سوژنئاژنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كه‌ن بەوەى گۆڕان له پره‌نسیپه سیاسیی و نیشتیمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی لایداوه.
ئێمه ده‌رگای گفتوگۆمان بۆ هه‌مویان كردوه‌ته‌وه و هیچ مه‌رجێك و ته‌حه‌فوزێكمان نییه له‌سه‌ریان، خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌وڵی له‌گه‌ڵ داون، له‌وانه كاك دكتۆر بورهان یاسین له‌ڕێی كاك ئاكۆ وه‌هبییه‌وه جوابێكی بۆ ناردبوین، ئه‌و خۆی شتێكی بڵاوكردبوه‌وه داوای دانیشتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ناڕازییه‌كان ده‌كات. هه‌روه‌ها كوڕه‌كانی كاك نه‌وشیروان، ئێمه وتمان زۆر باشه و به‌سه‌رچاو، وتم كاك ئاكۆ وه‌هبی ئێمه ئه‌م موباده‌ره‌یه‌مان زۆر زۆر پێخۆشه و من له ئێستاوه ئامادەم ده‌ست له پۆستی رێكخه‌ری گشتی هه‌ڵده‌گرم له خزمه‌تی ئه‌و مه‌سه‌له‌یەدا و من پێوستم به‌م پۆسته نییه، به‌ڵام من ده‌چم له خانه‌ی راپه‌ڕاندن باسی ده‌كه‌م و با رای ئه‌وانیش وه‌ربگرم.
له‌خانه‌ی راپه‌ڕاندن هه‌ندێ تێبینی هه‌بو، به‌ڵام به‌گشتی ره‌زامه‌ندیان ده‌ربڕی و قبوڵمان كردن، دوای ئه‌وه‌ی پێم وتنه‌وه (كاك دكتۆر بورهان و كاك ئاكۆ وه‌هبی) هیچ ته‌حه‌فوز و مه‌رجێكمان نییه، به‌ڵام پێمان خۆشه ئه‌م كاره خۆتان پێی هه‌ستن و قسه له‌گه‌ڵ كه‌سه ناڕازییه‌كان بكه‌ن، نامه‌یه‌كمان بۆ نوسین و تیایدا ره‌زامه‌ند و ئاماده‌یی خۆمانمان دەربڕیبو، پێشمان وتبون كه نه‌ك ته‌نها رێكخه‌ری گشتی به‌ڵكو خانه‌ی راپه‌ڕاندنیش ئاماده‌یه ده‌ست له پۆسته‌كانیان هه‌ڵگرن و به‌ته‌نگ پۆسته‌وه نین و بۆ خزمەتى بزوتنەوەکە و گەلەکەمان. بەڵام دواى ماوەیەک وەڵاممان بۆ هاتەوە ئەم سێ پرسیارەیان کردبو ئەڵین؛ ئەمە راى هەمو خانەى راپەڕاندنە؟ دوەم ئەمە هەمو خەڵکێک دەگرێتەوە بۆ دانیشتن لەگەڵیان واتا بۆ ناڕازییەکان؟ سێهەم مەسەلەى تەوریسى سیاسى.
ئیمەش وەڵاممان دانەوە و وتمان: ئێمە کە ئەم کارەمان کردوە لەخۆمانەوە نەمانکردوە کۆبونەوەمان لەگەڵ جڤاتى گشتى کردوە لەگەڵ جڤاتى نیشتیمانى کردوە و ئەوان ئەمەیان پێ باش بوە و ئەم دو ئۆرگانەیش دو ئۆرگانى سەرەکین و خانەش پێى باش بوە و لەخۆمانەوە ئەم کارەمان نەکردوە، بۆ مەسەلەى مەسافەیش کێ ناڕازییە بەسەرچاو هەرکەسێکە ئێمە رازین. بۆ پرسى تەوریسى سیاسیش کە ئەمە بوەتە وێردى سەر زمانى ئەم خەڵکە، ئێمە ئەمە دو شتەمان وت: یەکەم/ گردەکە لەگەڵ ئەو بینایەى چاودێرى دارایی کاتى خۆى لە (2006) کە کۆچکردو جەنابى کاک نەوشیروان ئەمەى وەرگرتوە بەناوى کۆمپانیاى وشەوە وەریگرتوە هەم ئەم گردە و هەم دیوانى چاودێرى دارایی و (10) ملیۆن دۆلاریشى وەرگرتوە و کاتى خۆى بەڕیزیان بە ئێمەی وت وەرن لەگەڵم وتمان نایەین لەگەڵت وتى: بۆ ؟ وتمان: تۆ بە ئێمەت نەوتوە کە ئیستیقالە ئەکەیت و ئەچیت ئەم کارە دەکەیت. خۆت هاتویت و کردوتە، ئێمە (10) بۆ (12) لە کەسانى سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى بوین یەک لەسەر سێى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بوین و لەگەڵى نەچوین. دوایی کاک نەوشیروان لەگەڵ کاک عومەر و کاک سالار و کاک قادر و ئەوان بەڕەحمەت بن، گفتوگۆیان کردوە کە ئەو موڵکانە بخەنە سەر هەمویان دوایی رێکنەکەوتن، دواتر وتویانە بیکەین بە وەقف بۆئەوەش وتراوە رەنگە رۆژێک لە رۆژان حکومەت خۆى بێت لێمان بسەنێتەوە، دواجار چوەتە سەر کاک نەوشیروان هەتا ئەو بۆ منى باس کرد وتى: ئەو برایانە مام جەلال تەلەفۆنى بۆ کردوم و وتویەتى ئەو برایانە هاتونەتە لاى و داواى پارە دەکەن تۆ ئەڵێى چى؟ وتى: وتومە بایندەرێ قەیچێکە.
کەوابو کە ئەم گردە لەسەر ناوى کاک نەوشیروانە لەگەڵ چاودێرى دارایی و پارەیان داوە و تاپۆ کراوە، لەروى یاساییەوە ئەو موڵکە لەسەر ئەو بوە ئێ کە ئەو کۆچى دوایی کردوە خاوەندارێتیەکەى بۆ کوڕ و منداڵەکانى دەبێت ئیتر ئێمە وەک گۆڕان مافى ئەوەمان نییە داواى ئەوە بکەین. ئێمە لە (2009) هاتوین بزوتنەوەى گۆڕانمان لەگەڵ کاک نەوشیروان دروستکردوە کە هاتوشین پێمان نەوتوە کاکە ئێمە هاتوین ئەرز و ئاو لەگەڵ تۆ دابەش بکەین ئێمە بۆ خەتى سیاسى هاتوین، بزوتنەوەیەکمان دروست کردوە بۆ چاکسازى بۆ ئیسلاح و بۆ کۆمەڵێک هۆکارى دیکە، ئەوە مەسەلەى موڵک و ماڵ و تەوریسى سیاسى، نازانم ئەم برادەرانە باسى تەوریسى سیاسى دەکەن بە چ مەنتقێک باسى دەکەن، تەوریسى سیاسى سەرۆکى عەشیرەت بێت، پاشا بێت، مەلیک بێت وەسیەت دەکات کە کێ لەدواى بێت یان بە ستونییە یان بە ئاسۆییە ئەگەر بە ستونى بو ئەچێتە سەر کوڕ و کچ و ئەگەر ئاسۆییش بێت یان دەیداتە براکەى یان برازاى یان خوشکى.
بەڵگەیەکم بدەنێ یان پارچەیەک کاغەز یان کاک نەوشیروان پێش کۆچى دوایی لاى کەسێک باسى کردبێت کە من مردم ئەم بزوتنەوەیە کوڕەکانى من خاوەنى بن و چیا و نما خاوەنى بن یان وتبێتى بەختیارى برام و تاڤگە و ئەوان خاوەنى بن!، شتى وا هەیە؟ ئەگەر وایە بۆمان بهێنن، ئینجا دەو‌ترێت کوڕەکانى کاک نەوشیروان هەرچییەک بڵێن عومەرى سەید عەلى وەسییە و ئەندامانى خانە ئەوە جێبەجێ دەکەن.
ئەگەر خۆتان کردوتانە باشە، بڕیارێکم بۆ بهێنن ئێوە برادەران سێ مانگ پێش ئەوەى دەست لە خانەى راپەڕاندن بکشێننەوە چ بڕیارێک ئەوان هێناویانە و ئێمە جێبەجێمان کردوە ئەگەر خۆتا هێناوتانە پێمان بڵێن و خۆتان شەو و رۆژ لەوێ بون ئەم قسانە ئەهێنن و ئەبەن، پێمان بڵێن کەوابو ئێوە لەژێر دەستى ئەوان بون ئەى بۆ رۆژێک لە رۆژان نەتانوت ئەم بڕیارە هى ئەوانە و تۆ جیبەجێى ئەکەیت؟ یان خۆتان هێناوتانە؟
ئەم بابەتانە ئەسڵ و ئەساسى نییە، حەز دەکەم بە مێشکێکى کراوە سەیرى ئەو مەسەلانە بکەین و بەسە ئەم وتە وتە و ئەم شتانەى ئەم برادەرانە ئەیڵێن، ئینجا لەگەڵ ئەوەشدا کە دکتۆر بورهان نامەمان بۆ نوسین ئەڵێ سەرسامم بە وەڵامەکەتان مەمنونتانم زۆر زۆر وەڵامێکى راستگۆیانە و رێک و پێکە و ئێوە هیچ مەرج و تەحەفوزێکتان نییە بۆ هیچ لەوانە، کە ئەوەش دەڵێم روخستەتم لە خۆیشى وەرگرتوە کە ئایا ئەتوانم ئەم نامەیەى بڵاو بکەمەوە وتویەتى بەڵی سەربەستیت لە جڤاتى گشتى باسمان کردوە لە خانە باسمان کردوە هەمویان گوێیان لێبوە سەرسام بوە بە وەڵامەکە وتمان: باشە لەدواى جەنابت بە چەند رۆژێک ئێمە بەیانیک دەردەکەین بۆ ناڕازییەکان و دەرگامان کراوەتەوە و کێ یەت بەخێر بێت، بەڵام پاش چەند سەعاتێک وەڵامێکى ناردوە بۆ کاک دکتۆر بورهان بە کاک ئاکۆ وەهبیدا ئەڵێت: تکایە با بزوتنەوەى گۆڕان بەیان دەرنەکات.
وتمان: بۆچى و بۆ بەیان دەرنەکەین؟ ئەڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان ئەو برادەرانەى لە بەغدان ناڕازین و کێشەیان هەیە و خۆیان کێشەیان کەم نییە و ئەگەر ئەم بەیانە دەربکەن ناڕەزاییەکان گوێیان لێناگرن ئێمە قسەمان لەگەڵ کردون و نایەن لەگەڵیان. ئیتر بۆ ئەم بەیانە دەربکرێت لەبەر ئەوە با دەرینەکەن و ئێمە لەبەر ئەوە بەیانمان دەرنەکرد، ئەیگنا بەیانیشمان دەردەکرد.
ئێستاش ئەو برادەرانە بۆ ئەو ماوەیەى لەناو بزوتنەوەى گۆڕان خەباتیان کردوە زۆر زۆر سوپاسیان دەکەین و مەمنونیان دەبین و رێزمان هەیە بۆ خەبات و تێکۆشان و رەنجیان ئێستا وازیان لێهێناوین کەیفى خۆیانە، هەرکەس بۆخۆى گروپێک دروست دەکات یان ئەچێتە حیزبێکى دیکە پیرۆزباییان لێدەکەی، دائەنیشێت پیرۆزباییان لێدەکەین خۆى حیزب دروست دەکات هەر پیرۆزبایی لێدەکەین، فراکسیۆن دروست دەکات پیرۆزبایی لێدەکەین، کاندید دروست دەکات پیرۆزبایی لێدەکەین، ئێمە دەست و پێى کەسمان نەبەستوەتەوە ئەوە رێگا و دید و بۆچونى ئێمەیە ئەوە پرەنسیپەکانى ئێمەیە و ئێمە داکۆکى لەسەر مەسەلە نیشتیمانى و نەتەوەییەکانمان دەکەین.
تۆ دید و بۆچونێکت هەیە، پێمان دەڵێن ئێوە لە حکومەتن و چونەتە کابینەکە، خۆ لە خۆمانەوە نەچوین، جڤاتى نیشتیمانى (45) کەس بوە (39) کەسى دەنگى داوە بچنە ئەم کابینەیە پیش ئەوەى بچینە کابینەکەوە ئێمە وتومانە پارتى داوامان لێ دەکات گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەى بچینە ئەو کابینەیە بە زۆرینە وتویانە: بەڵی.
شاندى ئێمە چوە و رێککەوتنەکەیان هیناوەتەوە و ئێمە وتومانە ئەم رێککەوتنەتان بەدڵە زۆرینە وتویەتى بەڵێ، ئەی بچینە کابینەکەوە؟ زۆرینە وتویەتى بەڵێ.
ئێستاش کەى جڤاتى نیشتیمانى بڵێ وەرنە دەرەوە و کۆببێتەوە و زۆرینە بڵێت یەینە دەرەوە، ئیتر نە خەمى ئەوەمانە پۆست بۆ خەڵک پەیا بکەین نە هیچ چ لە دەسەڵات بین چ لە ئۆپۆزسیۆن بین ئێمە خەممان خەمى خەڵکە و خەممان چاکسازییە و دژى گەندەڵین و بەپێى تواناکانى خۆمان هەوڵى چاکسازى دەدەین، ئەبێت بشزانین ئێمە هێزمان چەندە.
ئەو هێزانەى کە لە دەرەوەى دەسەڵاتن و ئۆپۆزسیۆنن بەقەدەر بزوتنەوەى گۆڕان رەخنەى لە حکومەت گرتوە؟ لە کابینەکەى گرتوە؟ تەنانەت ئێمە پارتى پێمان دەڵێت: ئێوە پێیەکتان لە ئۆپۆزسیۆنە و پێیەکتان لە دەسەڵاتە، ئێستا ئەوانە چى بە ئێمە ئەفرۆشنەوە؟ چیان کردوە؟ فەرمو ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیت (10) هەزار کەس بهێنەرە سەر شەقام.
یان دائەنیشیت پەیج و سایت و دەکەیتەوە و دەست دەکەیت بە شەڕە جنێو و هەرچى هەیە و نییە لەم هەرێمە ئەیهێنیت بەسەر بزوتنەوەى گۆڕاندا تەنانەت دەست بۆ لایەنەکانى دەسەڵات نابەن، بەشێوەیەک ئەوەندەى دەست بۆ ئێمە دەهێنن ئەوەندەى هێرش دەکەنە سەر ئێمە لەسەر دەسەڵات ئەو شتانەیان نییە، ژێراوژێریش ئەنواع و ئەشکاڵ پەیوەندییان هەیە کە ئێمە ئاگامان لێیە و پێویست ناکات باسى بکەین لە سەرۆکى کۆمارەوە لە پارتییەوە لە یەکیتییەوە لە هەمو ئەوانەوە، ئەمە وەزع و بارودۆخەکەیەکە هەیە کە ئەو برادەرانە ناڕازین وەک وتمان ئەوان خۆیان سەربەستن لەو بابەتانە چى دەکەن.
ئێستا ئێمە لەبەردەمى چەند ئەرکێکى دیکەداین لەوانە خۆئامادەکردن بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانى، پێویستە ئیمە لەم دو مانگەدا یان لە ئادار یان لە نیسان کۆنفرانسى نیشتیمانى بگرین، چاوەڕێى ئەوەین کە لیژنەکانى کۆنفرانس ئەرک و کارەکانى خۆیان تەواو بکەن ئینجا بچین بۆ هەڵبژاردنەکانى ناوخۆ، ئێمە چەند هەڵبژاردنێکمان لەبەردەمدایە بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانى پێویستە بەوەى کە هەڵبژاردنەکانى ناوخۆ بکەین لە رایەڵە و بازنە و دەستەى مەکۆکان و هەروەها بۆ ئۆرگانەکانى دیکە باژێڕەوان ئینجا هەڵبژاردنێکیش بکەین نوێنەر بۆ کۆنفرانس لە هەمو ئۆرگانەکانمانەوە و لە ئەنجومەنى قەزاکانەوە و لە ژورەکانەوە نوینەریش بۆ کۆنفرانس لە فراکسیۆنەکانەوە ئامادە بکەین و کارێکى دیکەى ئۆرگانەکانمان ئەوەیە بە تایبەتى ئەنجومەنى قەزاکان چاو‌دێر بۆسەر سندوقەکانى هەڵبژاردنى داهاتو ئامادە بکەین کە وەک بڕیارە لە (10/10) ئەنجام بدرێت.
کارێکى دیکەى ئەنجومەنى قەزاکان و ژورەکانمان و سەرجەم ئۆرگانەکان و هەوڵدان بۆ دیاریکردنى کاندید بۆ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دیارە هەر بازنەیەک ئێمە کاندیدێکمان دەبێت، بەڵام ئەوەى کە هەیە گوایە تا ئێستا یاساکە ساغ نەبوەتەوە چونکە ئەوەى کە تاکە دەتوانێت ژن بێت یان پیاو خۆى هەڵبژێرێت، بەڵام دەڵێت ئەو حیزبانەى لیستیان هەیە دیارە بازنەیەک یان سیانە یان چوارە ئەبێت سێ پیاو و ژنێک بێت ئەگەر سیان بو دوانى پیاو ژنیک دەبێت و هەروەها نابێت لیستى حیزبەکە لە دو کەس کەمتر بێت، بەڵام ئێستا هەندێک پێداچونەوە هەیە هێشتا کۆمیسیۆن نەگەیشتوەتە ئەوەى ئایا نیسبەتى ژن لەسەر ئاستى پارێزگاکان یان بازنەکە چۆن دیاریدەکرێت، بۆیە پێویستە ئێمە خۆمان بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانى و ئەم شتانە ئامادە بکەین ئەنجومەنى قەزاکانمان و ژورەکانمان و نوێنەر بۆ کۆنفرانس بنێرێت هەڵبژاردنەکانى ناوخۆ بکەین و نوێنەر هەلبژێرین بۆ کۆنفرانس و چاو‌دێر ئامادە بکەین بۆ داهاتو بۆ سەر سندوقەکانى دەنگدان و کاندیدەکانیش.
ئەو مەسەلەیەى کە ماوە مەسەلەى ناکۆکییەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتحادیە، من لە پێشدا بۆم باس کردن ئێمە پێش ئەوەى ئەو ناکۆکییانە هەبن کە دیارە ناکۆکى هەر هەبوە ئێمە دانیشتنمان لەگەڵ یەکێى نیشتیمانى کوردستان کردوە لەگەڵ پارتى کردومانە و دید و بۆچونەکانى خۆمان داونەتێ وتومانە پێویستە ئێوە نەوت تەسلیم بکەن نیوەى داهاتى ناوخۆ تەسلیم بکەن (250) هەزار بەرمیل نەوت تەسلیم بکەن داهاتى ناوخۆ نیوەى تەسلیم بکەن هەروەها دەروازە سنورییەکان و ئەگەر ئەمە حکومەتى ئیتیحادى لێیوەرگرتن ئەوە زۆر باشە ئەوانیش شایستە داراییەکانى هەرێم (900) ملیارە دینار جیبەجێى بکەن ئەگەر ئەوان جێبەجێیان کرد ئەبێت بزانین و ئێوەش جێبەجێى نەکەن هەر دەبێت بزانین چ لەگەڵ پارتى چ لەگەڵ یەکێتى دواتریش سێ قۆڵى دانیشتون هەمان بۆچونمان پێوتون، پێشمان وتون ئەو شاندەى کە ئەچێت وەکو لەپێشدا بۆمان باس کردن چ بۆ شاندى حکومى چ شاندى سیاسى ئەبێت هەم لە دەسەڵات و هەم لە ئۆپۆزسیۆن بێت چونکە مەسەلەیەکى نیشتیمانى نەتەوەییە و دەبێت تێیدا بەشداربن.
ئەگەر هاتو حکومەتى ئیتیحادى ئەمەى قبوڵ نەکرد یاخود حکومەتى هەرێم ئەمەى قبوڵ نەکرد پێویستە ئەو داهاتانە جارێکى دیکە وەک وتمان بە شەفافى کۆبکرێتەوە و داهاتى نەوت و داهاتى ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان بێتە پەرلەمان و بودجە دابندرێت و بە شەفافى پێویستییەکانى خەڵک جێبەجێ بکرێت لە موچە و لەخزمەتگوزارى و ئەبێت سی رۆژ جارێک موچە بدرێت ئەمە رەنگە کێشەیەک بهێنێتە پێشەوە ئایا ئەگەر حکومەتى هەرێم ریکنەکەوێت لەگەڵ حکومەتى ئیتیحادى چ سیاسەتێک یەتە پێشەوە لە داهاتودا لەنێوان حکومەتى ئیتیحادى و حکومەتى هەرێم و چۆن چارەسەر دەکرێت ئایا وەک ریفراندۆمى لێیەت حکومەتى ئیتیحادى بە زۆر ئەڵێت لەگەڵیشت رێک ناکەوم و هەندێک مەسائیل بگرێتەبەر ئەوە مەسەلەیەکە پێویستى بە دیراسەى زۆرە و ئایا خەتاى حکومەتى ئیتیحادیە رێکنەکەوتن یان ئێمە.
لە راستیشدا حکومەتى ئیتیحادى لەگەڵ حکومەتى هەرێم رێک کەوتوە بەڵام زۆرینەى لایەنە شیعەکان تا ئێستا لە پەرلەمان رێک نەکەوتون و دەنگیان بە بودجە نەداوە بزانین لەم دو هەفتەیەدا دەنگ دەدەن و ئەو پرسە بەلایەکدا یەکلا دەبێتەوە.