شاسوار عەبدولواحید:

چاکسازیی لە بۆری نەوتەوە دەستپێدەکات نەک لە موچەی کەمئەندامێکەوە

لڤین:

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، دەخوازێت هەموو دەنگە ناڕازییەکان یەکبگرن و دەرگایان بۆ هەموو گفتوگۆیەک لەگەڵ حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی کراوەیە. دەشڵێت، چاکسازیی لە بۆری نەوتەوە دەستپێدەکات نەک لە موچەی کەمئەندامێکەوە.

ئەمڕۆ شەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، هیچ جیاوازییەک لەنێوان کابینەکانی حکومەتی هەرێمدا نییە و هەموو کابینەکان هەمان ئەو حزبانە حکومیان دەکەن کە ٣٠ ساڵە ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن.

وتیشی”هەتا دامەزراوە و پەرلەمانی کارامان نەبێت، حکومەت بە ئارەزووی خۆی کاردەکات”.

شاسوار عەبدولواحید لەبارەی دەستگیرکراوانی بادینانەوە ئاماژەی بەوەکرد، “سیستمی دادوەری بە یەکێک لە خراپترین کاتەکانی خۆیدا دەڕوات و من وەک خۆم قوربانی دەستی ئەو سیستمەم”.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی پرۆسەی چاکسازیشەوە ئەوەی خستەڕوو”چاکسازی لەسەری سەرەوە دەستپێدەکات، لە بۆری نەوتەوە دەستپێدەکات، نەک لە موچەی ١٠٠ هەزاری کەمئەندامێکەوە”.

ئەم وتانەی شاسوار عەبدولواحید لە پاش قسەکانی هات لە دیداری “پاش ٣٠ ساڵ چی کرا و چی نەکرا؟”، کە ئەمڕۆ ئەمڕۆ شەممە، ١٣ی ٣ی ٢٠٢١، بە سپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی نالیا لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button