گومان له گیان لەدەستدانی جیهان تەها مامۆستای وانەبێژی ناڕازیی هەیە

لڤین :
جیهان تەها مامۆستایەکی وانەبێژی ناڕازیی، شەوی ڕابردوو لە گوندی هەڤنکا لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئەنجامی وەرگەڕان و سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی گیانی لەدەستدا، بەڵام ئەوەی گومان دەخاتە سەر گیانلەدەستانی ئەوەیە چەند کاتژمێرێک بەر لە ڕووداوەکە لە فەیسبووکەوە باسی مەرگی خۆی کردووە.
شەوی ڕابردوو، یەکێک لە مامۆستا وانەبێژە ناڕازییەکان بەناوی “جیهان تەها”، لە گوندی هەڤنکا لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و ئاگری گرتووە، بەو هۆیەشەوە جیهان تەها گیانی لەدەستداوە، بەڵام ئەوەی جێی وسەرەنجە، ماوەیەک پێش ڕووداوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە باسی لە مەرگی خۆی کردووە و نووسیوویەتی ” ڕێگاکەم بەرەو مەرگە، مەرگ بانگم دەکات”.
هەروەها لە پۆستێکی تردا منداڵەکانی ئامانەتی سەرکردەیەکی یەکێتی دەکات.
جیهان تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، خاوەنی دوو کوڕە بە ناوەکانی باران و بیرهات، لە ماوەکانی ڕابردووشدا لە ڕێگەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنییەوە ڕەخنەی توند لە دەسەڵات و شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ مامۆستایانی وانەبێژ دەگرێت و داوای مافی وانەبێژان دەکات.
