ڕابەری بزووتنەوە:

ڕێگا بە كەس نادەین بەربەست لەبەردەم كارەكانی حزب دروست بكات

لڤین:

ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، بزووتنەوە لە خەباتی سیاسی و بانگخوازی خۆی بەردەوام دەبێت و رێگەش نادات كەس بەربەستی لەبەردەم دروست بكات.

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆرگانەكانی حزبەكەی ڕایگەیاند، بزووتنەوە حزبێكی خاوەن خەباتی شاخ و خەباتی ڕاپەڕینەكەی بەهاری 1991 و بەشداری كردووە لە ڕاماڵینی سەربازانی بەعس و ئازادكردنی بست بە بستی خاكی هەرێمی كوردستان.

وتیشی”ئێستا خۆمان بە خاوەنی ئەم هەرێمە دەزانین و هەر پرسێك لە بەرژەوندی خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت، پاڵپشتی دەكەین و لەسەر كاری ئیسلامی و بانگخوازی خۆمان بەردەوام دەبین”.

ئاشكراشیكرد”ڕێگە بە كەس نادەین بەربەست لەبەردەم كارەكانی حزب دروست بكات و هەر كارێكی چاكە و چاكسازیش بۆ خزمەتی دین و بزووتنەوە بێت ئەنجامی دەدەین”.

ڕوونیشیكردەوە”لە ئۆرگانەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵمەتێكی هۆشیاری بۆ پێگەیاندنی كادیری نوێ و سەردەمیانە دەستی پێكردووە و شانبەشانی برا خاوەن ئەزموونەكانمان دەمانەوێ خەڵكی تازەش بێتە پێشەوە و ڕۆڵی خۆی لە كاروانی پڕ سەروەری بزووتنەوەدا ببینێت”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button