چەمچەماڵ، تۆمەتبارێکی دیکەی تاوانی دزی و کوشتن دەستگیرکرا

لڤین:دوای دەستگیرکردنی سێ کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی دزیکردن و ڕێگریکردن و تەقەکردن و ڕووتکردنەوەی هاوڵاتیان و کوشتنی کەسێکی عەرەب، لەڕۆژانی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، دەستگیرکردنی تۆمەتباری چوارەمی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، ئاشکرایکرد کە  دوای دەستگیرکردنی سێ کەس لەلایەن هێزەکانیانەوە لە ڕۆژانی 8و 9ی ئەم مانگە، بەتۆمەتی دزیکردن و ڕێگریکردن و تەقەکردن وڕوتکردنەوەی هاوڵاتیان وە کوشتنی کەسێکی عەرەب، تۆمەتباری چوارەمیشیان دەستگیرکردووە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دوێنێ تۆمەتباری چوارەم بەناوی ( ب ، ڕ ، ش) دانیشتوی ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ لەژێر فشاردا خۆی ڕادەستی هێزەکانمان کرد”.

ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “تۆمەتبارەکان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە و ئاماژەیان بۆ ئەوەکردوە سەرجەمیان بەشداربوون لەداڕشتنی پلان و ئەنجامدانی تاوانەکاندا و چوار کەسبوون، کە ماوەی چەندین مانگ بەردەوام لەڕێگای نێوان چەمچەماڵ – تەکیەی کاکەمەنددا ئەو کارەیان کردووە.

تۆمەتبارەکە ئێستا بەبڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەماددەی (٤۰٥) ڕاگیراون، ئەو ئۆتۆمبێل و چەکانەشی تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە دەستی بەسەردا گیراوە.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button