به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی باجی هه‌رێم
حکومەت ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج توندتر دەکاتەوە
لڤین:
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی باجی هه‌رێمی کوردستان ئاماژە بۆئەوەدەکات ساڵی ڕابردوو زیاتر له 500 کۆمپانیا له ئه‌نجامی نه‌دانی باج به حکومه‌ت غه‌رامه‌ی یاسایی‌یان بۆ کراوه و نزیکه‌ی 100 کۆمپانیاش دراونه‌ته دادگا و ئیجرائا‌تی یاسایی‌یان له‌گه‌ڵ کراوه.
که‌مال ته‌یب، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی باجی هه‌رێمی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت: ته‌واوی ئه‌و سێکته‌رانه‌ی که داهاتیان لێوه به‌ده‌ست ده‌که‌وێت، ده‌بێت باج بده‌نه حکومه‌ت و ئێستا باج له به‌شێکی زۆری سێکته‌ره بازرگانییه‌کان وه‌رده‌گرین، به‌تایبه‌تی نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌کان و که‌رته گه‌شتیارییه‌کان و چێشتخانه‌کان و ئه‌و شوێنانه‌ی که له سه‌روو چوار ئه‌ستێره‌ن، ئامانج له‌م باج وه‌رگرتنه دابینکردنی مووچه‌یه بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێم و گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتیشه بۆ حکومه‌ت، هه‌ر بۆ نموونه، ته‌نها له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو له ئه‌نجامی جێبه‌جێکردنی یاسا و ڕێنماییه کارپێکراوه‌کانی باج، سه‌دان ملیار دینار بۆ حکومه‌ت گەڕاوەتەوە و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووە مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له کاتی خۆیدا دابه‌ش بکرێت.
ده‌شڵێت”کۆمپانیا هه‌بووه ساڵی ڕابردوو 20 ملیار دینار باجی داوه به حکومه‌ت، کۆمپانیاش هه‌بووه حکومه‌ت زه‌ویی پێ داوه و پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنانی تێدا کردووه، به‌ڵام ئێستا خۆی له باج ده‌دزێته‌وه، هاووڵاتیانی هه‌رێمی کوردستانیش دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه که حکومه‌ت ڕێکاره‌کانی وه‌رگرتنی باجی توندتر کردووه و له ئه‌گه‌ری پابه‌ندنه‌بوونی هه‌ر شوێن و دامه‌زراوه‌یه‌ک و خۆدزینه‌وه‌ی له باج ڕێکاری یاسایی ده‌گیرێته به‌ر و چاوپۆشی له هیچ که‌س و لایه‌نێک ناکرێت”.
که‌مال ته‌یب، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی باجی هه‌رێمی کوردستان راشیده‌گه‌ێنێت”له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و دادگه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌یشتن به داهاتی ڕاسته‌قینه‌ی باجده‌ر له هه‌وڵه‌کانمان به‌رده‌وام ده‌بین, هه‌رچه‌نده له ماوه‌ی ڕابردوو دانی باج له ئاستی پێوست نه‌بووه, به‌ڵام ئێستا ده‌بینین به‌هۆی ئیجرائاته‌کانی حکومه‌ته‌وه دامه‌زراوه و کۆمپانیاکان نا‌چار بوون و ده‌زانن هیچ ڕێگایه‌کیان نییه بۆ خۆدزینه‌وه له باج و دێن ئه‌و باجه‌ی له‌سه‌ریانه ده‌یده‌نه حکومه‌ت, بۆیه بابه‌تی سه‌پاندنی باج به‌پێی یاسا ڕێک خراوه و له هەموو دنیاش باج یه‌کێکه له سه‌رچاوه‌کانی داهاتی هه‌ر وڵاتێک”.