سەفین دزەیی: پوولەکەی پاپا وەک دیاری پێشکەشی وەزارەتی گواستنەوەکرابوو

لڤین:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پوولانەی دروستکراون پوولی یادگاری بوون وبە بۆنەی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەولێر وەک دیاریی پێشکێشی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کران.

سەفین دزەیی، رایگەیاند، لە نەریتی ھەموو جیھاندایە بۆ یادکردنەوەی بۆنەیەکی تایبەت یان لە سەردانێکی گرنگدا پوولی یادگاری چاپ دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەند گرافیستێک، دیزاینی تایبەتیان بۆ دروستکردنی پوولی یادگاری بە بۆنەی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەولێر وەک دیاریی پێشکێشی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کرد بەمەبەستی چاپکردنیان.

ناوبراو بە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی راگەیاند: ئەوە پرۆژەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نییە. چاپکردنی پوول چەند رێکار و یاسای تایبەت بەخۆی ھەیە و پێویستی بە بڕیاری حکومەت ھەیە، وەزیریش بڕیاری چاپکردنی ھیچ کام لەو دیزاینانەی نەداوە.

دزەیی ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش رەخنەیان لە دیزاینی پوولەکان گرتبوو بەوەی تەنیا بە زمانی کوردی دیزاینکراون و زمانی عەرەبی شوێنی بۆ نەکراوەتەوە و رایگەیاند، بێگومان زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمیین لە عێراقدا و پێویست بەوە دەکات ھەردوو زمان لە پوولەکاندا شوێنیان بکرێتەوە..

ئەو لەبارەی رەخنە و کاردانەوەکان لە بەرامبەر دیزاینی پوولەکە رایگەیاند “ئەم بابەتە پەیوەندیی بە سیاسەتی نێوخۆی تورکیا ھەیە. ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن گوشار دەخەنە سەر دەسەڵات. لەوانەیە وەک کارتێکی گوشار لە سیاسەتی نێوخۆییاندا بەکاری بھێنن. ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، چونکە بابەتی سیاسەتی نێوخۆی تورکیایە، بەڵام پێشتر چەند رووداوێک روویاندا، لە رێگەی گفتوگۆکردن و دیالۆگەوە چارەسەرکران”.

سەفین دزەیی لە درێژەی لێدوانەکانیدا رایگەیاند، لە تورکیاش چەند رووداوێک روودەدەن و لەبارەی ئێرەوە بەردەوام شت دەوترێت بەتایبەت لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەکان و ئۆپۆزسیۆنیش، بەڵام ئەمە ھەڵوێستی فەرمیی تورکیا نییە، بۆیە ئێمەش ھێندە گوشارناکەین. تەنانەت سەرۆکی پارتێکی تورکیا ساڵی رابردوو گوتبووی، کەرکووک 82مین و موسڵ 83مین شاری تورکیا دەبێت، ئێمەش ھیچ شتێکمان لەوبارەیەوە نەوت. رۆژانە شتی لەم جۆرە باس دەکرێت، بەڵام ناکرێت ھەموو رۆژ وەڵام بدەیتەوە و ھەڵوێست دەربڕیت. گرنگ ئەوەیە ھەڵوێستی فەرمی چییە و چۆنە، ئێمە لەسەر ئەمە کار دەکەین و سیاسەت دەکەین.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button