ژیان بە لاتی

نیگەرانی و ناڕەزایی دراوسێکانمان بەرامبەر بەنمایشکردنی پولێک لەکاتی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ هەرێم لەفڕۆکەخانەی هەولێر ، شتێک نیە تووشی شۆکمان بکات و نوێ بێت ، ئێمەی کورد دەمێکە لەگەڵ عەقڵییەتی ئینکاری و ڕەتکردنەوە دەست و پەنجە نەرم دەکەین و ڕاهاتووین ، قسەکانی کابرای باخچەلیش هیچ ئیعتبارێکی نیە و پێموایە زیاتر لەژێر کاریگەری ئەو سەماد و پەینەدایە کە لەباخچەکانیدا بەکاری هێناوە نەک بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی ..

گرنگ نیە ناحەزانمان چی ئەلێن ، گرنگ ئەوەیە خۆمان چی ئەڵێین
ـ پێویست نەبوو حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوە بەهیچ ووڵاتێک بدات لەسەر دروستکردنی ئەو پولە ، چ جای ئەوەی ڕوونکردنەوەیەکی لاواز و ترسنۆکانە و شەرمنانەی وەک ئەوەی کە ووتەبێژەکەی حکومەت دای …!!

ـ دروستکردن و چاپکردنی پول هیچ کاتێک پێویستی بەڕەزامەندی دەرودراوسێ نەبووە و نیە ، چ دراوسێیەکیش…!!

ـ نەدەبوو ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی سۆز و دەنگی خەڵک بەدروشم داوای سەربەخۆییان دەکرد ، بەنیگەرانی و هەڕەشەی فاشیستەکان لەسەر دروستکردنی پولێکی کوردی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ببن و هەروا ئاسان پاشگەزببنەوە ، خۆ قەرار بوو ئەوانە دەوڵەتی کوردی دروست بکەن ..!!

ـ زۆرجار گوێمان لێ دەبێت کە دەوترێ تورکیا بۆیە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات ، چونکە پەکەکە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و بیانووی هێرشکردن دەداتە تورکیا ، ئەی ئێستا چی دەڵێن کە تورکیا دروستکردنی پولێکی بەنەخشەی کوردستانەوە لەشاری هەولێر و لەلایەن وەزیرێکی حکومەتی هەرێمەوە قبوڵ نیە و هەڕەشەی سەپاندنی قورسترین سزا بەسەر هەرێمدا دەکات ..! ئێ خۆ نە پاپا پەکەکەیە و نە دیزاینەری پولەکە جەمیل بایکە و نە وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش لەپشکی پەکەکەیە …؟!

ـ بڕوبیانوو مەهێننەوە و هەوڵمەدەن بەسود وەرگرتن لەکات و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانتان ، چاپکردنی ئەو پولە وەک هەڵەیەک بخەنە ئەستۆی (کەسێک) و بەبیانووی پاراستنی پەیوەندییەکان و ڕاگرتنی هاوسەنگی پولەکە ڕەتبکەنەوە ، چونکە (خۆ گیڤ کردنەوە و بەهەڵە لەقەڵەمدانی چاپ کردنی ئەو پولە لەلایەن کۆمەڵێک سیاسی و سەرۆکایەتی کۆماری ووڵاتێکەوەیە کە ڕاست و هەڵە لێک جیاناکەنەوە ) و بەزاندی سنوری ووڵاتانی دراوسێ و بۆردومانکردن و دەستدرێژی بۆ سەر خەڵک و خاکەکەمان و قەتڵ و عام و ئیبادەکردنی نەتەوەیەکیان پێ ڕاست و ڕەوایە …!!

لەکۆتایدا با ئەم چەند دێڕەی باوکم لە (یادگار و هیوا) وەڵامێک بێت بۆ هەڵوێستی ئەوانەی نەیانتوانی پارێزگاری لەپولێکی کوردی و بەرگری لەنەخشەی کوردستانی گەورە و پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک بکەن …

ژیان بە لاتی و بێ دەسەڵاتی
هیچ درۆی نەبێ ، سەد مەرگە ساتی
مرۆڤ بەدیلی بژی خۆشە ، یان
بمرێ بۆ بەرزی خۆی و ووڵاتی


شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button