زمانی جەستە و خوێندنەوەی بەرامبەر بۆ کەسایەتیت
ئەگەر چی بە سەدان کتێبی جیاواز و نووسین و لێکۆلینەوە و مەنهەجی ئەکادیمی ئێستا لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا لەسەر زمانی جەستە هەیە، کە وەک زانستێکی نوێ زۆر گرنگی پێ ئەدرێت لە پەیوەندیە نێو دەوڵەتی و کۆمۆنیکەیشن و کۆمپانیا گەورەکان زۆر کار لەسەر زمانی جەستەی کەسایەتیەکان دەکەن، من بۆ خۆم لە زانکۆ لە مەرحەلە دووی کۆلیژی یاسا و ڕامیاری یەکێک لەو دەرسانە ( مبادئ العلاقات العامە) بوو کە بە تێرو تەسەلی باسی لەم زانستە ئەکرد، وە هەروەها لە وڵاتی دانیمارک لە کۆرسێکی ڕاهێنان لە مەجالی ئیداری و بەڕێوەبردن، کەلەم کۆرسە زۆر گرنگی بە زمانی جەستەیی ئەدا، لەکاتی وەستان، دانیشتن و ئاخاوتن و پەیوەندی چاو لەکاتی قسەکردن و زۆر جولەی تر ، تەنانەت لە ولاتە پێشکەوتووەکان ئەم کۆرسانە بۆ وەزیرەکان و پیاوانی دەولەت و سلکی دیپلۆماسی و کۆمپانیا فرە نەتەوەکان و ڕێکخراوەکان هەیە، چونکە هەموو کەسێک لە یەکەم بینیندا 30 چرکەی بەسە بەخێرایی خوێندنەوە بۆ کەسایەتی بەرامبەر بکات لە ٧ ٪ پەیوەندی بە دەربڕینی وشەوە هەیە، لە ٣٨ ٪ بە شێوازی دەنگ کە تۆنەکانی دەنگت چۆن بەکار دەهێنی، زۆرترین کە لە ٥٥ ٪ جولەو زمانی جەستەیە ، بەهۆی جولەی جەستەوە هەر زوو پێناسەی کەسایەتی خۆت ئەدەیت بەدەستەوە کە تۆ کەسێکی بەڕێزی، شەرمنی، ترسنۆکی، ئارامی، شەڕانگێزی، ڕا ڕا و قەلەقی… هتد
ئەگەر بگەڕێین بەدوای شێوازەکان زۆرن چەندین ڤیدیۆی بەسوود هەیە لە یوتوب و لە گوگل بەسەدان وێنە هەیە، ئەم چەند وێنەیە کەخۆم تەرجومەم کردوون، بەشێکی زۆر کەمن لەو زمانی جەستەیە …
ئەوەی مەبەستمە بیلێم لەسەر قسەکردنی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لەکاتێکدا لە ئەوروپا و ئەمریکا ژیاوە، بەحساب بڕوانامەی زانکۆی ئەمریکی هەیە، دیارە هیچ لە ئەتەکێت و زمانی جەستە نازانێت، یان خۆی بە ئەنقەست ئەو شێوازە وەستان و قسەکردنەی بۆ چەند پۆلیسێک کە خەلاتی ئەکردن، دەست خستنە بەر پشتوێنەکەی ئاماژەیە بۆ کەسایەتی کە کەسێکی شەڕانگێز و خۆبەزلزان و خۆی عەرز دەکات …
لەناو سەرکردەو کەسایەتیە کوردەکان دیارە هەر یەک لە د. بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانی باش لەو زمانی جەستەیە گەیشتوون و بەشێوەی دروست و ئەتەکێتیانە مامەڵە دەکەن و نمایشی خۆیان دەکەن بۆ کەسانی بەرامبەر… ( دیارە مەبەستم لە ناوهێنانی ئەم کەسانە پێگەی دیاریان هەیە وەک سەرۆک کۆمارو سەرۆکی هەرێمە و مەسرور بارزانیش کە سەرۆک وەزیرانە).