ئەو کەسەی بە گوللـە هاوسەرەکەی بریندار کرد تەقەی لە پۆلیسیش کرد

لڤین: ئەو کەسەی دوێنێ ئێوارە لەناو بازاڕ بە دەمانچە تەقەی لە هاوسەرەکەی کرد و برینداریکرد، ڕووبەڕووی پۆلیسیش بوەوە و تەقەی لێکردن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە ڕاگەیەندراویکدا ئاشکرایکرد، “ئەو کەسەی کە ئێوارەی دوێنێ بەرواری ١٠/٣/٢٠٢١ بە چەکی دەمانچە تەقەی لە ژنەکەی کردبوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی بیتوێن لە ناحیەی چوارقوڕنە لە دوای بەدەستهێنانی زانیاری ورد و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر مەفرەزەیەکی پۆلیس چوون بۆ دەستگیر کردنی، بەڵام لەکاتی دەستگیرکردنیدا کەسەکە بە چەکی دەمانچە ڕووبەڕووی هێزەکانمان بووەتەوە و تەقەی کردووە و دواتر دەستگیرکراوە”.

تۆمەتبارەکە کە دەکاتە هاوسەری ژنەکە بەناوی (ا،م،س) تەمەن ٣٠ ساڵ پیشەی کاسبە بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە.

کاتژمێر ٥:١٠ خولەکی ئێوارەی ١٠/٣/٢٠٢١ ژنێک بەناوی (س،س،م) تەمەن ٣٥ ساڵ پیشەی ژنی ماڵ دانیشتوی ڕانیە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوەی لە بازاڕی شارەوانی لە ناحیەی چوارقوڕنە بە دەمانچە تەقەی لێکرا و بەوهۆیەوە بریندار بوو.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button