حكومەتی هەرێم لەبارەی پولەكەوە روونكردنەوە دەدات
لڤین:
دوای ئەوەی توركیا ناڕەزایی دەربڕی لەسەر پولێكی دروستكراو لە رۆژی هاتنی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان حكومەتی هەرێم روونكردنەوە دەدات و دەڵێت تەنها پێشنیارە و پەسەند نەكراون.
دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی توركیا بە زمانێكی توند ناڕەزایی دەربڕی لەسەر نەخشەیەكی كوردستانی گەورە لەسەر پولێكی گواستنەوە كە لە رۆژی هاتنی پاپادا خرایەڕوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم روونكردنەوە دەدات.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتی: ئەوەی بڵاوكراوەتەوە تەنیا كارێكی پێشنیازكراوی ژمارەیەك هونەرمەند و شێوەكارە و پێشنیازیان كردووە و هیچ كام لەو نمونانەی كە پێشنیازكراون، پەسندنەكراون و پولی فەرمی نین.
جوتیار عادل روونیشیكردەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەسەر بنەمای یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2011، رێكاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ هەر كارێكی لەو جۆرە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پابەندبوون بە دەستووری عێراق و رێزگرتن لە سەروەری عێراق و وڵاتانی دراوسێ و یاسا كارپێكراوەكان بڕیار لە بارەی پولەوە دەدات و ئەوەی بڵاوكراوەتەوە تەنیا نموونەی پێشنیازكراون.