لڤین: ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بە سەردانی پاپا فرانسیس کردووە و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوی بردووە و دەستخۆشیشی لە ڕێکخەران و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی هێزە ئەمنییەکان کردووە، بۆ سەرخستنی سەردانەکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەک لە پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی سەردانی قەداسەتی پاپا و گرنگیی سەردانەکە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستوەتەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەشدا، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوا ڕەشنووسی پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان خستوەتەڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند تێبینی و هەموارکردنێک، پڕۆژەکە پەسەند کراوە.