باهۆز ئەرداڵ بۆ بەرپرسانی هەرێم:

تێبگەن تورکیا بێتە ناوچەکە هاتووچۆی نێوان هەولێر و دهۆک ئاسان نابێت

لڤین: فەرماندەی بڕیارگەی هەپەگە، جەختدەکاتەوە، گەریلا لە گارە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، دەشڵێت: تورکیا بێتە ناوچەکە، ئەو کات هاتووچۆی نێوان هەولێر-دهۆک ئاسان نابێت، ئاشکراشیدەکات، ئامادەن بۆ دانوستانێک کە خزمەت بەئارامیی ناوچەکە بکات.

باهۆز ئەرداڵ، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندیی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ “ستێرک تی ڤی” قسەی لەسەر شەڕی گارە و کاردانەوەکانی شەڕەکە و چەند پرسێکی دیکە کرد.

لە بەشێکی ‌چاوپێکەوتنەکەدا ئەرداڵ باسی لە شەڕی گارە کرد و وتی: گەریلا لە گارە گورزێکی قورسی لە دوژمن دا، هێزی گەریلا جارێکی دیکە نیشاندرا، دەوڵەتی تورک لەم ساڵانەی دواییدا هەر پرۆپاگاندا دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە گەریلا چیتر ناتوانێت شەڕ بکات، ناتوانێت بەرگریی بکات و گەلی کوردیش ناتوانێت دۆزی ئازادیی بەرەو پێش ببات، بەڵام لە گارە شەهید شۆڕش و هەڤاڵانی دیکە بە بەرخۆدانی خۆیان پڕۆپاگانداکانی دەوڵەتی تورکیان پوچەڵ کردەوە، کە لەبواری مەعنەوی و دەرونیشدا زۆر ئەنجامی لەگەڵ خۆی هێنا، داگیرکەریش تێگەیشت کە هاتن بۆ شاخەکانی کوردستان بەو ئاسانییە نییە و لێکەوتەی قورسی دەبێت.

لەسەر کاردانەوەکانیش بۆ سەرکەوتنی گارە باهۆز ئەرداڵ، وتی: ئەوانەی زۆر دڵیان بە سەرکەوتنی گارە خۆش بوو، خەڵکی باشووری کوردستان و بەتایبەتیش خەڵکی بادینان بوون، ئەگەر بەڕێوبەرانی باشووری ڕێگەیان بدایە، گەلەکەمان لە ئاکرە، ئامێدی و سەرسەنگ ئاهەنگی گەورەیان دەگێڕا، ئەمە نیشاندەدات کە گەلەکەمان لە باشوور چیتر لە ڕاستیی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر هەموو کوردستان تێگەیشتوون و بەرخۆدانی گەریلا تەنیا بە هی پەکەکە نازانن و بە هی هەموو گەلی کوردی دەزانن.

سەبارەت بە کوشتنی دیلە کانی تورکیاش باهۆز ئەرداڵ لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا وتی: ئەو دیلانە دەتوانرا ڕزگار بکرێن، ئەگەر بە ڕاستیش نیازی دەوڵەتی تورک ڕزگارکردنیان بوایە، پێویستی نەدەکرد ٤٠ فڕۆکە بنێرێتە سەر گارە، چوار کەسی دیموکرات و ئاشتیخواز لە تورکیاوە بهاتبان لەگەڵ خانەوادەی ئەو دیلانە، ئەو بابەتە دەیتوانی بە ئاسانی چارەسەربکردرێت.

لەسەر ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیش وتی: ئامانجی ستراتیجی تورکیا لە بە ئامانجکردنی گارە، شەنگال و خواکورک، داگیرکردنی باشوری کوردستانە، ئێستا بیانوی کاربەدەستانی باشوور ئەمەیە کە گوندییەکان هاتوچۆیان ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورک بێتە ناوچەکە، ئەو کات هاتۆچۆی نێوان هەولێر-دهۆک ئاسان نییە، سوپای تورک تەنیا بۆ لێدان لە ئێمە نایەت، داوامان لە بەڕێوبەرانی باشوور ئەمەیە کە لەمە تێبگەن و بەو پێیە هەڵویست وەرگرن، ئەمە مەترسییەکە لەسەر دۆزی کورد بە گشتی.

هەروەها باهۆز ئەرداڵ، ئامادەیی پەکەکەی بۆ دانوستانێک کە خزمەت بە ئاشتی لە ناوچەکە بکات دەربڕی و وتی: ئەمریکا لەگەڵ کورد کاری کردووە، قازانجی لێی بینیوە زیانی لێی نەبینیوە، پەکەکە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزێکی گەورەیە، خاوەن کاریگەرییە لەسەر هاوسەنگییەکان، پەکەکە بۆ دانوستانێک کە خزمەت بە ئارامیی و ئاشتی ناوچەکە دەکات کراوەیە، سیاسەت تا ئێستا ئەنجامی نەبووە، ئەو حساباتەی کە پەکەکە بەدەر لە بابەتەکان بهێڵدرێتەوە ئەنجامی نەبووە و ناشبێت.

وتیشی: ئەمە بانگەوازییەکە تەنیا بۆ بەڕێوبەرانی ئەمریکا نییە، بەڵکو بۆ هەموو هێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکانیشە، دانوستان لەگەڵ پەکەکە بە قازانجی ئەوانە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button