لە کامپێکدا سێ پەنابەری عێراقی کوژران

لڤین: هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ تەرمی دوو پەنابەری عێراقیی و دوێنێش تەرمی پەنابەرێکی دیکەی عێراقییان لە کامپێکیدا دۆزییەوە.

لە کامپی هۆلی سەر بە شاری حەسەکە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە و پێکدێن لە پەنابەرانی عێراقی و سوری، لە دوێنێوە سێ پەنابەری عێراقی تێدا کوژراوە.

بەڕێوەبەرایەتی کامپەکە ئاشكرایکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان تەرمی دوو پەنابەری عێراقییان بە ناوەکانی هەیسەم تەمەن ٢٥ ساڵ و خزر ئەحمەد عەبدولسەلامی ٢٤ ساڵیان دۆزیوەتەوە.

دوێنێش هێزە ئەمنییەکان تەرمی پەنابەرێکی عێراقی بە ناوی سەیف عەبدولعاجلی تەمەن ٢١ ساڵیان دۆزییەوە کە لە بەشی دووەمی کەمپەکەدا بە گوللـەی دەمانچە کوژراوە، جگەلەوەش هێزە ئەمنییەکان پەنابەرێکی عێراقی و ژنێکی سوری دیکەیان دۆزیوەتەوە کە بە فیشەک برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتی کامپەکە ئاشکراشیکردووە کە سەرجەمی ئەو کەسانە لە یەک چادردا دۆزراونەتەوە لە بەشی یەکەمی کامپەکە، بەڵام تا ئێستا تەقەکەرەکە نەناسراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکانیش ئەنجامدەری کارەکەیان گەڕاندووەتە بۆ شانە نوستووەکانی داعش لەناو کامپەکەدا.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە کامپی هۆڵ تا ئێستا ٤٠ حاڵەتی کوشتن و بریندارکردنی پەنابەران تۆمار کراون.

کامپی هۆل لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باکور رۆژهەڵاتی سوریاوە بەڕێوەدەبرێت و نزیکەی 62 هەزار کەسی تێدا دەژی کە 90٪ یان ژن ومنداڵی خێزانی چەکدارە داعشەکانن.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button