وەزارەتی پەروەردە:

پێشنیار دەکەین بۆ ماوەی 15 ڕۆژ دەرگای قوتابخانەکان دابخرێن

لڤین:

ئه‌مڕۆ لیژنه‌ی باڵای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆده‌بێته‌وه‌و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ پێشنیار ده‌خاته‌ به‌رده‌م لیژنه‌كه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی 15 ڕۆژ ده‌رگای قوتابخانه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان دابخرێت.

بڕیار وایه‌ پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ لیژنەی باڵای ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی کۆرۆنا كۆببێته‌وه‌، سەرچاوەیەکی وەزارەتی پەروەردەش بەڕوداوی وتوه‌”ئه‌وان پێشنیازیانكردوه‌ بۆ ماوه‌ی 15 ڕۆژو تاوه‌كو 25ی ئه‌م مانگه‌ ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن دابخرێت”.

هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌”به‌هۆی هه‌ڵكشانی ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك له‌پێشنیازه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی داخستنی ده‌رگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌بێت”.

وه‌كو ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتویه‌تی”دۆخی قوتابخانەکان لەتوشبون بەکۆرۆنا باش نییەو ژمارەی توشبوانیش تادێت ڕوو له‌هه‌ڵكشانه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی 15 ڕۆژ ده‌رگای قوتابخانه‌كان دابخرێت”.

پێشتریش د.ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ئاشكرایكردبوو، هه‌ركات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخی كۆرۆنا له‌هه‌رێمی كوردستان بكات‌و هه‌ر بڕیارێك بدات، ئه‌وان وه‌كو په‌روه‌رده‌ پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی‌و به‌تایبه‌تیش خوێندكاران‌و مامۆستایان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button